شاعیر: سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
بۆ کچە کوردێ

دزەی نیگای ژێر تارای شەرم و ناز
سەرنجی کێشام کیژی کرچ و کاڵ
ئەی پەریزادەی ئەو پەڕی جوانی
لەو ساوە کە تۆ
بازی نازی تۆ
بۆ منی کڵۆڵ ئەنێریتە ڕاو
دڵ وەک دوو تەپڵەی
سوارەی کوردی
جوانووی نەگیراو
مەیل ئەخاتە باڵ
خەرمانەی بۆنی زولفت لە سار شان
بۆی کێوی شەوبۆ فەسڵی درەنگان
تێریتە بیرم
چاوە کاڵەکەت
ھەسارەکەی ڕۆژ بۆ ڕێبواری شەو
یا خۆ قاسپەی کەو لەدەم بەیانا
بۆ ھەوارنشین، ھەوارگەی شاھۆ
تێریتە بیرم
کە ڕووی وتارت ئەکەیتە لای من
سروەی بەیانی، ئازیز شنە شن
تێریتە بیرم

1970
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
سوارە ئیلخانیزادە. «خەوە بەردینە/بۆ کچە کوردێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.