شاعیر: ئەخۆل (١٩١١-١٩٨٨)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی «کوردی»
وەھا کەوتوومە ژێر بەندی خەم و ھیجری ستەمکارێ
ھەمیشە زار و ناڵینمە لە حەسرەت عەشقی دڵدارێ
دەسا توخوا ڕەفیقان بێن بە دەنگ ڕۆرۆمەوە جارێ
«ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسالە، یا قەتڵە یا تەسکین لە ھەرسێ بۆم بکەن کارێ»
خوا ئەم ئێش و ئازارەم بە زامی عەشقەوە تا کەی
بەسە ئیتر لە عومری نەوجەوانی خۆم نەکرد ئۆخەی
دەخیل ئێوە و خوا یاران عیلاجم کەن بە جامێ مەی
«وەھا سووتاوم ئەسلەن تابی فریادم نەما سا دەی
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە ھاوارێ»
تەماشای چۆن ئەکێشم بۆی جەفاو و قەھری مەفتوونی
لە دەستا تیشەیی فەرھاد، لە سەردا شۆڕی مەجنوونی
لە حەسرەت قامەتی بەرز و فیراقی لێوی مەیگوونی
«لە کونجی سینە دەنگی ئای و وای دڵ دێ بەمەحزوونی
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ»
ھەموو خاکی بەری پێتم وەکوو عەنبەر بەسەردا کرد
ئەوەت لایەق نەبینی پێم وەکو عەنبەر بەسەردا کرد
خوا ھەڵناگرێ گیانە منت شێت و بەڕەڵڵا کرد
«ئەلای ھەر کەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد
درێغ بۆ حاڵزانێ، ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ»
بە سۆزی گریەوە چاوم ھەمیشە سوور و نەمناکە
سەراسەر سنگی بەدبەختیم ھەتاکوو دامەنم چاکە
لە خوێنا تل ئەدەم بەسیە وەرە حاڵم تەماشا کە
«لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕیشە ئیستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ»
گڕی بەرداوەتە جەرگم بە سەودای عەشقی وەک ئاگر
کەساس و دڵبرینار و پەرێشان.. بەو بەشەم سابر
ئەوەندەش دڵڕەقە بۆچی گوناھی من چییە ئاخر؟
«لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەسیە دەڵێ کافر
ھەما چەت دیگە تۆ سەگ مەرگە کارم ماگە پێت جارێ»
لە مەی غافڵ مەبە ساقی زڕەی فنجانەکەت با بێت؟
بە نەشئەی جامەکەی تۆیە غوباری غەم لە دڵ دەرچێت
لە ھوشیاریم بەدەر کە ھەی سەر و ماڵم فیدای تۆ بێت
«سەبا یارانی مەجلیس گەر ھەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ»
ئەخۆل ھەر بگری تا دەمری لەسەر قەبری جەوانمەردی
بە قەد لێزمەی بەھاران و گوڵالە و شەستپەڕی زەردی
سەراسەر سوور و ڕەنگین کە بە ئەسرین ئەلحەد و بەردی
«دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی
درێغا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ»؟
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەخۆل. «دیوانی ئەخۆل/ێ/وەھا کەوتوومە ژێر بەندی خەم و ھیجری ستەمکارێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.