شاعیر: ئەدیب (١٨٧٤-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
سەد حاتەمی تایی بە غوڵامت لە سەخادا
سەد حاتەمی تایی، بە غوڵامت لە سەخادا
وەرقا و وەفا خاکی حەریمت لە وەفادا
ئاوێنە مەگەر وێنەیی ڕووتە لە سەفادا
ھاوار و گرینم بەسە ئیتر لە خەفادا
تۆقیفی منت بۆچیە ئاخر لە جەفادا
عوششاق ھەموو شیفتەیی حوسنی تووە یەکیەک
شەیدا و پەرێشان و بریندارە بە ناوەک
شاگردە لە بۆ ساحیریی تۆ مانی و مەزدەک
نەشئەی دڵی من بۆ نمی لوتفی تووە ھەر وەک
پشکووتنی گوڵخونچە لە دەم بایی سەبادا
جێی ھەر سەرەتیری موژەکەت، خوێنە دەجۆشێ
بەم چاوە بڵێ: چی دیکە عیشوە نەفرۆشێ
ئەم تفڵە لە گەھواری بەدەندا دەخرۆشێ
ھەر جارێ کە ئەم پەردە بە پەشمینە دەپۆشێ
ئاشووبە دڵم وەک سەری زولفت لە ھەوادا
دێوانەمە بەو پڕتەوەت ئەی شەمعی دڵ ئەفرۆز
ھاتوومە تەوافت منی پەروانەیی خودسۆز
جەرگم ھەموو بریانە بە پەیکانی جیگەردۆز
لەو کونجە کە پاپەندی خەمی تۆمە شەو و ڕۆز
کارم چ بە عەیش و تەڕەب و بەزم و نەوادا
مەجنوون سیفەت، زارو غەریبانە لەسەر ڕێی
چەند موددەتە عەزمم بوو سوئالێکی بکەم لێی
ئەمڕۆکە لە ڕووی لوتفەوە پرسی کە: ئەتۆ کێی
ڕووم نایەوە سەر خاکی بەری پێی و وتم پێی:
عەقڵ و بەدەن و عومری منت بۆچی بەبادا
فەرمووی کە: ئەمن یەکسەرە بێ مەنزڵ و بێ جێم
جیسمی تۆ ئەگەر حازری قوربانییە بۆ ڕێم
کاشانەیێ خاڵی بێ لە بێگانە، بەڵێ دێم
بێ باکە، خەدەنگی لە جیگەر دام و وتی پێم:
ئەی ئەبلە وەرە، جەژنی ویسالت لە فەنادا
بۆ بادەیی مەعنا، لە دەم و قەولی لەبیبان
ساقیی و نەی و بەربوت و ئامێزی حەبیبان
ئەمڕۆ وەرە ئەم بەزمە بە کوێرایی ڕەقیبان
بێ جێ و جیھەت مەمدەنە بەردەستی تەبیبان
کوژراوی سەری غەمزە چ دەخڵی بە دەوادا
ماتی خەمی ئەبرۆ و دو لەعلی لەبی ئاڵم
جانا چ دەبێ جارێ، حەزەر کەی لە وەباڵم
ڕۆژێکی بە سەردان وەرە بۆ دیدەنی حاڵم
چەند خۆشە لەبەر ئێشی برینت کە دەناڵم
غم از دل و کم از سرم این سایه مبادا
بولبول بە ھەوایی گوڵی وا کەوتووە حەیران
ئەو موتریبە جەرگ و دڵمی کردووە بریان
ئەو مەجلیسە تەشکیلی لە مەست و عوقەڵا بوو
قەلبم بە ھەوای عیشقەوە سا کەوتەوە ھەیجان
سەرخۆشی دو لەعلت چ دە پەروایی ڕەوادا
قوربانی سەفای خۆروەشی پاک سرشتم
چەندێکە کەوا تالبی ئەسراری بەھەشتم
جۆیا لە ھەموو مەعبەد و دێر و لە کەنشتم
بڕوانە قەزا و قەدەر و ئەسڵی سرشتم
دینم لە بەھای جەننەت و فیردەوسی لەقادا
ئاوارە لە مەئوای وەتەن و کۆیی غەریبا
وێنەی خەت و خاڵت کە لەنێو بادە نەدیبا
ئەو شێعرە پەریشانە چ ئاسارە عەجیبا
بۆ دیتنی زوھرە و قەمەری یارە ئەدیبا
باڵۆنی خەیاڵاتی تۆ ڕۆیی بە ھەوادا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەدیب. «دیوانی ئەدیب/ا/سەد حاتەمی تایی بە غوڵامت لە سەخادا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.