شاعیر: ئەدیب (١٨٧٤-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
کێ دیتویە وا حوسن و لەتافەت لە بەشەردا
پێنج خشتەکی لە سەر شیعری تاھیر بەگ
کێ دیتویە وا حوسن و لەتافەت لە بەشەردا
چاوت کە ھەموو غارەت و قەتڵی لە نەزەردا
قەتلی منی مەزڵوومی بە یەک غەمزە خەبەردا
قوربانی ڕوخت بم کە شکستی بە قەمەردا
حەیرانی لەبت بم کە ڕەواجی بە شەکەردا
ئەمڕۆکە لەبەر خاڵی تۆ موستەغنی لە میشکم
بۆ شاھیدی دەردی دڵی شەیدا لەبی ویشکم
چون ھێندە دروون پڕ خەم و خوێناوی سریشکم
[ھەرچەندە دەکەم سەعی، لەبەر خوێنی سریشکم]
خاکێ نیە بیکەم بە ھەوەس گاھێ بە سەردا
ڕۆژێکی کەڕەم فەرموو، لە ڕوی لوتف و کەماڵات
تا بۆ بەڵەدی خاڵ و خەتت، بێمە موتاڵات
سەیری قەمەر و لەعلی لەبت کەم، قەدو باڵات
دڵ ڕۆویوە قوربان لە وجوودم بە خەیاڵات
دایم لە سەفەردایە ئەگەرچی لە حەزەردا
تا وەسڵی لە ئاوێنەیی دڵ دێ بە تەفەئئول
پەروانە بە ڕووی شەمعی، نەما تابی تەئەممول
لەو سەیلی غەمت نابێ ئەمانم بە تەخەییول
ناحەق نییە ناوەستێ ئەگەر پردی تەحەممول
سیروانی سریشکم کە دەکا ھاژە لە سەردا
لەو ڕۆژەوە ڕووی کردە چرای بەزمی حەریفە
وا چارەیی من بوو وەرەقی زەردی خەریفە
گەر نەیبوو لە بەر مەستییە پەروایی ئەسیفە
مەقسوودی لەسەر کوشتنی عوششاقی زەعیفە
وەختێ کە دەکا خەنجەری تیژی بە کەمەردا
ناپرسی لەبەر حیشمەت و ئیقباڵ و جەلالت
لەو کێوکەنی کوشتە بە ئوممێدی ویسالت
شیرینە بەشیدا ئەلەم و ژەھری وەباڵت
ئەستێرە ھەموو مەحوە لەنێو نووری جەماڵت
چون شەمسی ڕوخی تۆ شەوی گێڕاوە بە فەردا
ئەی بۆ ئەلەمی من کە تۆ لوقمانی ئەمینی
شیرین دەھەن و شوھرەیی ئافاق و زەمینی
جارێ بڵێ بێچارە ئەدیب بۆچی حەزینی
مەیلی ھەیە «تاھیر» کە بپرسی لە برینی
بڕوانە کە ئەو شۆخە چ تیری لە جگەردا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەدیب. «دیوانی ئەدیب/ا/کێ دیتویە وا حوسن و لەتافەت لە بەشەردا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.