شاعیر: ئەدیب (١٨٧٤-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە
پێنج خشتەکی لە سەر غەزەلی تاھیر بەگ
لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە
بۆ جەزبی دڵی عاشقی عیشقت چو نەھەنگە
پەنجەت کە بە خوێنڕێژی دەڵێی شێر و پڵنگە
ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی ھەمە ڕەنگە
خاڵت بە مەسەل زولفی سیاھت شەوەزەنگە
ئاشووبی زەمەن، زیبی چەمەن، سونبولی خۆشبوو
گێسووی و برۆی نازر و حەیرانە بە ھەرسوو
ئەی سەروقەدی سیمتەن و مەھوەشی گوڵڕوو
بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە
بیمارە دڵم، تەنگە وەکوو غونچەیی زارت
بوو باعیسی مەخمووریی من، چاوی خومارت
خەجڵەت دەرە بۆ حۆر و پەری، حوسنی ویقارت
سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و ناسک و پڕ چەنگ و قەشەنگە
جارێکی لە عوششاقی نەپرسی چییە حاڵی
دووری تۆ دەچێژێ، بەسە ژەھر و خەم و تاڵی
بێچارە بە تیری تۆ بریندارە، دەناڵی
لێوت کە وەکوو لەعڵی بەدەخشانە بە ئاڵی
گەنجوور و نگەھبانی دەھان و دەمی تەنگە
ڕووت شەمسە، کە سەر تازە وەدەر دێنی لە خاوەر
شوعلەی لە سەر ئافاقی مەلاحەت وەکوو داوەر
فەرماندەیی ئەبرۆیی خەمت، ئامیر و یاوەر
تابووری موژانت لە‌گەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەڕەنگە
چاوم کە لە موشتاقیی ڕووت بۆتە بە دەرمان
وا چاوەڕێ و والە و گریانە، دوڕئەفشان
مەزڵوومە، ئەسیری تووە، مەحکوومە بە فەرمان
مورغی دڵم ئەر خەستە و خوێنینە بە قوربان
پێکاوی موژەی تۆیە، نە کوژراوی تفەنگە
ڕووت جەننەت و حوسنت مەلەک و ساحرییەت جن
بۆ ھاڵەیی دەوری قەمەرت کافر و موئمن
ناوەستێ لەبەر تیری موژەت جەوشەنی ئاسن
چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵھایە، وەلاکین
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە
بۆ دیتنی ئەم ڕۆژە زەمانێکە لە سەر ڕێم
قەولی، لە کەڕەمدا، بەمە فەرموو کە شەوێ دێم
حازر بێ مەی و ساقی و پەیمانە لەگەڵ جێم
عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم:
ئەی ئەبلەھە کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە
بەو شەھدی لەبت تفڵی دڵم چون بووە موعتاد
حەیرانە بە کێوی غەمەوە عاجز و ناشاد
یەکدەم بە دەمی خونچەیی شیرینی بکە یاد
سەرگەشتە و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرھاد
کێوم بەدڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵنگە
ئینسافە! بە ھەوری وەرە ئەم پەردە مەپۆشە
بەم نەرگسی شەھلا، بەسە عیشوە مەفرۆشە
باکی چ بە شیرینە، ئەدیب مایلی نۆشە
مەنعی مەکە،‌ ‌«تاھیر» کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەدیب. «دیوانی ئەدیب/ە/لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.