شاعیر: ئەدیب (١٨٧٤-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
چاوەکەت مەستە بە ناحەق فێری مەیخانەی مەکە
چاوەکەت مەستە بە ناحەق فێری مەیخانەی مەکە
لێی گەڕێ مەمنوونی بەزمی دوردی پەیمانەی مەکە
زولفی سازاوت دەسا تەرتیب و چینی تێک مەدە
حەیفە تووشی جەوری ڕێش و کێشی لەرزانەی مەکە
پەرچەمت جێی ئاشیانەی بولبولی تەبعی منە
چونکە ئێشکچی شەوە، تۆ مەنعی ھێلانەی مەکە
گەردنم پێی خۆشە حەڵقەی تای تەنافی زولفەکەت
چاوەکەم‌ ئیتر حەواڵەی تۆق و زۆڵانەی مەکە
دڵ بە مەیلی خۆی دەمێکە عاشقی باڵاکەتە
تۆخودا مائیل بە غەیری خۆت و بێگانەی مەکە
ھەر لە ئەووەل تۆ دڵت بردم بە نازی چاوەکەت
تازە فێری ڕاھ و ڕەسم و تەبعی پەروانەی مەکە
عاشقی خونچەی دەمت تاکەی دەبێ ئاوارە بێ
مەحڕەمی ڕازە، حەواڵەی چۆڵ و وێرانەی مەکە
ھەر بە ڕەسمی دیدەنی باسێکی نایێنی دەمت
دڵبەری وا نابێ عەیبە نانەجیبانەی مەکە
خۆت دەزانی وەک ئەدیب کەس بەندەگی پێ ناکرێ
وا بە ڕیسوایی لە ناو ئەم خەڵکە ئەفسانەی مەکە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەدیب. «دیوانی ئەدیب/ە/چاوەکەت مەستە بە ناحەق فێری مەیخانەی مەکە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.