شاعیر: ئەدیب (١٨٧٤-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
ڕووت شەمسی تەمووزە ھەموو پڕ تابش و تاوە
ڕووت شەمسی تەمووزە ھەموو پڕ تابش و تاوە
ئەگریجەیی چین چینە لە ڕووت پەخش و بڵاوە
حەیرانی دەمت بم بە مەسەل شووشە گوڵاوە
قوربانی دوو زولفت کە دەڵێی سونبولی خاوە
مەیلت ئەوە چەند ڕۆژە لەسەر وەعدە نەماوە
ڕۆژێ نییە مەستانە کە عەھدت نەشکێنی
وەک کاھڕوبا ئەو دڵی مسکین نەڕفێنی
وەک قەوس و قەزەح ساتێ بە ڕەنگێ دەنوێنی
بێ گیان، بەدەنی خەستەجگەر! بۆچی دەمێنی
وەک شووشەیی ناسک دڵی بێچارە شکاوە
پێم فەرموو: گوناھم چییە ئەی سەروی دڵارام
چیدی مەکە دڵڕەنجە ئەسیری منی ناکام
کوا تاقەتی ئەو جەورە ھەموو تاب و توانام
ئەبرۆیی کەچت حاڵی دەمی مەرگی نیشان دام
تەھدیدی سەری تیری موژانت بە عەلاوە
ئاوارە و خونخوارە، مەگەر وامقی عەزرام
لۆمەم چ دەکەن، کوشتە و سەرگەشتەیی لەیلام
غەرقی غەم و سەوداسەر و ئاشوفتە ‌و شەیدام
بۆ دانەیی خاڵت بە فریو چووم، دڵی کێشام
سەرتاسەری دەورەی قەمەرت، دانە ‌و داوە
سێوی چەنەگەت، ئاوی حەیات و چەھی زەمزەم
ئەی گیانی عەزیزم بە فیدای ئەو سەر و پەرچەم
ئەوڕۆکە دەڵێم خاکی ھەموو دەر وەسەرم کەم
پرسیم: چییە دەرمانی برینی دڵی پڕغەم؟
فەرمووی کە دەوای سەھوە ئەدیب کاری کراوە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەدیب. «دیوانی ئەدیب/ە/ڕووت شەمسی تەمووزە ھەموو پڕ تابش و تاوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.