شاعیر: بێخود (١٨٧٩-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری فەوزی
ئەی خودا، ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون، بێ عەمەد
نیعمەتت بۆ ئێمە لايُحْصي، سیفاتت لايُعَدّ
شُكرُ لِلّه تا دەوامی بێ لەگەڵ ڕۆحا، جەسەد
پڕ زمان و دڵمە یا ڕەب، قُلْ هُوَ اللّه أَحَد
زیکر و فیکری زاھیر و باتینمە اَللّه الصَّمَد
بێکەس و بێماڵ و جاھم يا رسول اللّه دەخیل
زۆر فەقیر و بێ پەناھم يا رسول اللّه دەخیل
تۆی بە وەڵڵا خزری ڕاھم يا رسول اللّه دەخیل
ڕێگە لێ ون بووی گوناھم يا رسول اللّه دەخیل
وا لە دەشتی چۆڵی عیسیانا خەریک ماوم مەدەد
تێکەڵی دنیای دەنی عەقڵ و دیرایەت ون ئەکا
سەیری مەلھا سینەمای چاکە و عینایەت ون ئەکا
تۆزی بێ دینی عەجەب جادەی ویلایەت ون ئەکا
گێژەڵووکەی مەعسیەت ڕێگەی ھیدایەت ون ئەکا
لَمْ يَلِدْ ڕۆشن کە بەرچاوم وَ لَمْ يُولَدْ مەدەد
غەیری تۆ نیعمەت بە کەس کام پادشای ذي شَأن ئەدا
تاج و نەجمەی لا و إلاّ بێ بەدەڵ نیشان ئەدا
ناوی تۆ سەروەت بە خاوەن ئێش و بێ ئیشان ئەدا
نەفیی و ئیسباتە کە زیکری ڕێ بە حەق پیشان ئەدا
وا منیش ڕێبواری ئەو ڕێیەم خودا بمکەی بەڵەد
ئەو حەکیمانەی کە کەششافی ھەموو وشک و تەڕن
مووشکافی نوقتەنوقتەی حیکمەتی بەحر و بەڕن
عالمی دانا گەر ئەھلی چاکە یا ئەھلی شەڕن
مەشریق و مەغریب لە دەرکی زاتی تۆ کوێر و کەڕن
لَمْ يَلِدْ وەڵڵا ئەزەل چەشتت، وَ لَمْ يُولَدْ ئەبەد
فەوزییا وا ڕادیۆی لوتفی خودا بێ باتری
ھاتە سەر ئیخباری عەفوی تۆ، نیھان و زاھیری
تۆش لە غەزنەینی سەنادا لێدە تەپڵی نادری
عاقیبەت محموودی کردی، چونکە إخلاص ئاخری
لَمْ يَكنْ لَهُ کاری پێک ھێنای لەگەڵ كفُوا أَحَد
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
بێخود. «دیوانی بێخود/د/ئەی خودا ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون بێ عەمەد». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.