شاعیر: فایق زێوەر (١٩٠٨-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
ئەی فیداکارانی میللەت شێر مەردانی وڵات
لەسەر شیعرێکی مستەفا ئەفەندی کوڕی مەلا عەلی عیرفان
ئەی فیداکارانی میللەت شێر مەردانی وڵات
ئەی ڕەئیسانی دیانەت ساحیبی سەوم و سەڵات
بۆ نیساری بێ وجوودە لیرە و ڕوپیە و مەنات
«ڕوو لە خوا کەین بۆ مەلیک داویە لەدەس زیللەت نەجات
کەس نەبێ چاوی لە ڕوتبەی خزمەتی کەین بێ خەڵات»
تاکو دوێنێ بوو لە مەیدانا ئەتانوت ئێمە جووین
سەیری ئەمڕؤ کەن ھەموو سەربەست و ساحێب ئابڕووین
وا لە بادەی یەکیەتی سەرمەستی فیکری ھاتوھووین
«گشت فیداکاری ئەوە ئێستاکە وا سەربەست کە بووین
ناوی تەئریخی لەجێی ڕوتبەی فەریقی بێ لەلات»
گەر نەکەین ئیسپاتی مەوجوودییەت ئەمڕۆ ئێمە چین
پشتیوانێکمان ھەیە وەک کێوی ئاسن وا مەتین
من کە فەردێکم لە کورد بڕوا بکەن ئەی موسلمین
«خزمەتی میللەت لەلام فەرزە بەتەسدیق و یەقین
نەک بەدەم یاخۆ زوبان بیللاھی وامە تا مەمات»
خاکی کوردستان مەحەلی عیلم و دارولفەن ئەبێ
مەوقیعی ئەھلی کەمال و بۆ ھونەر مەسکەن ئەبێ
ھەرچی وێرانێکی تیایە ھەروەکو گوڵشەن ئەبێ
«سەد شوکر شوعلەی چراخان ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشەن ئەبێ
بەرقەرار و پایەدار بێ ساحێبی شەوق و حەیات»
عیبرەت و دەرسە لەلای ئەھلی نەزەر وەزعی زەمەن
دەرنەچن بۆ عەسری کۆن لەم وەختەدا ھەوڵێ بدەن
دەست لە مل یەکتر بکەن بۆ حیفزی گوڵزاری وەتەن
«دیم نموونەی میللەتی غەیرە کە چۆن خزمەت ئەکەن
زابتان و کاپیتان ھەروەک نەفەر پۆل پۆل ئەھات»
ئیتتیحادێکمان ئەبێ بێ شوبھەیە بێ ڕەیب و شەک
میر و ئاغا فەرقی نامێنێ لەگەڵ خەڕڕات ولەک
سەیری لەن چۆن ئەجنەبی حوکمی گەیاندە سەر فەلەک
«بۆ تەرەققی موڵک و میللەت جانفیدا بوون یەک بەیەک
ئیتتحادە یەکیەتی ئینسان ئەباتە ڕۆژھەڵات»
فایق ئەمڕۆ گەرچی عالەم پڕ لە ئاشووبە و فیتەن
حەز ئەکەم دایم لە ڕێی خاک و وەتەندا جان و تەن
کوللی یەکیان پەنجەبازی کا لەگەڵ موڵکی خوتەن
«مەقسەدی زاتیم نییە غەیری وەتەن ئیللا وەتەن
چون فیدایی میللەتە وافی بەتەحقیق و سەبات»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
فایق زێوەر. «دیوانی بەختیار زێوەر/ت/ئەی فیداکارانی میللەت شێر مەردانی وڵات». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.