شاعیر: فایق زێوەر (١٩٠٨-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١١ بڕگەیی
سەیران
چەند خۆشە زوو ھەستی بەری بەیانی
تاریک و لێڵ دەرچی لە ئاوەدانی
ورد ورد بڕۆی لە دەشتەوە بۆ نزار
گوێ بگری لە ئاھەنگی دەنگی باڵدار
یاخۆ ڕووبکەیتە سەر فەراغ ڕووبارێ
ئاوی وەکوو مرواری بێتە خوارێ
خۆی پڕ لە ماسی دەوری بێشە و سەوزی
دەنگی کناچەی پۆڕ ببیەی بە بەرزی
یا ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و قوربان
وەختێ ناو شار ئەبێ بە شایی و لۆغان
چەند خۆشە دەوری پیرمەسوور لای ھەستیار
بێ غەم ئەڕوا زەرد و سوور بە لەنجەولار
یاخۆ بەھاری ساڵانی ڕابردوو
کە ژن و پیاو لە سەیران بوون چوارشەمموو
ژیانێکی خۆش و بە فەنتازی بوو
نە باسی فاشیستی و نە ھی نازی بوو
چەند ساڵە ھیتلەر لێمان بووەتە شەیتان
بە زوڵم و زۆر ئاگری شەڕی ھەڵگیرسان
خۆی ماڵ وێران و قەومی سەرگەردان کرد
گوایا ئیشی چاکی بۆ ئەڵەمان کرد
ویستی دنیا داگیرکا، خۆی پاشا بێ
بابە لە پاشای وا ھەزار حاشا بێ
ئێستە نازی لە برسا سەگ ڕاو ئەنێ
ھێتلەر ڕۆژی سەد جار خۆی لە جاو ئەنێ
ئەمەریکا و ئینگلیز و ڕووس سەرکەوتوون
نازی و فاشیستی تووشی گیانەڵا بوون
بەم زووانە خوا بیکا تەسلیم ئەبن
ئەمجا فێری ئەخلاق و تەعلیم ئەبن
ڕۆژی تەسلیمیان جەژنە بۆ کوردستان
لەگەڵ سوێندخواران کورد ئەچێ بۆ سەیران
بەخوا زۆر خۆشە لای کورد مژدەی زەفەر
بۆ سوێندخواران خوایە زوو بچێتە سەر
1943/04/09
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
فایق زێوەر. «دیوانی بەختیار زێوەر/چەند خۆشە زوو ھەستی بەری بەیانی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.