شاعیر: تاھیر بەگی جاف (١٨٧٨-١٩١٨)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاھێکی وەفا کا
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی شێخ ڕەزا
نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاھێکی عەتا کا
بەم شاھی و والایییە لوتفێ بە گەدا کا
لێی دوورە کە یەک ڕەسمی موسڵمانی ئەدا کا
«ڕۆژێ نەبوو ئەو دولبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا
جارێ نەبوو ئەو کافرە شەرمێ لە خودا کا»
من کوشتەیی چاوانم و چاوانی لە من ون
دەرد و ئەلەمیش گشتی بەوە لێم بووە دوژمن
بۆ چاک و شەفا کردنی ئەم دەردە دەواچن؟
«حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من
لوقمانی ویسالی مەگەر ئەم دەردە دەوا کا»
کاتێکی کە پێی نایە ڕکێف، تاو لە خەمی مرد
ڕۆیشت و خەم و فیکرمی با دڵ لەگەڵی برد
ئێسکی لەشی من گشتی لە ژێر باری فیراق ورد
«کارێ کە غەم و دەردی فیراقی بە منی کرد
سەرما بە ھەتیو، با بە دەواری شڕی ناکا»
عاشق کوژ و جەببارە بە دوو دیدەیی کەحلی
سەد حۆری سەری شۆڕە لە بەر قامەتی نەخلی
جێی فەخرە لە بۆ دەم، کە ببۆسی کەفی نەعلی
«دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی
وەک شاھی سکەندەر تەڵەبی ئابی بەقا کا»
ھیجرانی، گەلێ موھلیکە بۆ بەندە وەکوو سەم
ھەم سینەیی سووزانە و ھەم دیدەیە پڕ نەم
زووخاو و خەمی دوورییە، خۆراکمە ھەر ژەم
«تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی ھیجری وەکوو شەم
نێزیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا»
تەنھا سەفەرم ڕێگەیی ئەو شۆخەیە، ڕێمە
زنجیری ھەوای عەشقی ئەوە، دایمە لە پێمە
بەم حاڵەوە پێم سەیرە یەکێ دیکە لە جێمە
«لەم ڕێگەیە تەقدیریی ئەزەل وا بوو کە ئێمە
پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا»
حەتتا لە خەویش دوورە لە من بچمە کەناری
قەلبی ڕەقی وەک بەردە، نەرم نابێ بە زاری
تەخمیس و غەزەل زەڕڕەیەکیش نایە بە کاری
«گیان و دڵ و دین، ھەرسێ دەکەم بەزل و نیساری
بێ کامی دڵی من بە لەبی لەعلی، ڕەوا کا»
ئەشقی ڕوخی ئەو یارە منی کردووە ناتیق
چونکی کە «ڕەزا» شێخەو و ھەم شاعیری حازیق
تاھیر گەلێ پێی خۆشە قسەی شێخێکی سادیق
«سەر دانێ لە ڕێی ئەشقی ڕەزا، لازمە ئاشیق
بۆ یاری سەر و ماڵ سوپەری تیری قەزا کا»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
تاھیر بەگی جاف. «دیوانی تاھیر بەگی جاف/نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاھێکی وەفا کا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.