شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
گەوھەر فرۆش
ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا
ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەکا
خۆت وەکوو سوڵتان و چاوت حاکم و ئەبرۆتە شیر
تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەکا
کەوتە نێو زوڵماتی زوڵفانت دڵی ئەسکەندەرم
خدری زیندەی ماچی لێوت، کەی دێ ڕزگاری دەکا
من بە میزانی تەبیعەت گەوھەر ئەفرۆشم، دڵم
وا لە شامی زوڵفی تۆدا کەسبی عەتتاری دەکا
مەیخەرە ژێرپێتەوە گەر حەز دەکەی ژیر بێتەوە
دڵ کە منداڵە شەکەرخەندەی لەبت چاری دەکا
مورغی دڵ برژا لەبەر قرچەی ھەتاوی فیرقەتت
تابەکەی داوی سەری زولفت گرفتاری دەکا
توتیی دووکانی حوسنت بولبولی تەبعی منی
خستە نێو بەندی تەماع و فێری بازاڕی دەکا
مەستی بادەی چاوی تۆم و پێم دەڵێ مەستی مەیە
سەیری کەن بوختانی ناحەق چۆن بە لەب جاری دەکا
بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لینگ دە حەریق
تا بزانم کێ بە شێعرت سوحبەت و یاری دەکا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ا/ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.