شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
ھەوری خەفەت
ھەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما
گاھێ بە شەرارەی غەم و گەھ سەڕسەڕی ھیجران
خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما
گەر دەچمەوە ساحیب نیە ھیچ مونیس و ساحیب
گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما
شاھیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم
بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
ھەرچەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت
ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما
تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم
کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما
لەوساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا
ھێلانەیی تەن ھەروەکوو مەئوایی سەقەرما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو
ئەم لەشکری ئاھی منە بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما
مەنواڕە بە زاھیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم
ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە حەریقی
حەیفێ کە تەلەف بوو، بە ھەدەرچوو، بە زەرەرما
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ا/ھەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.