شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
مەدینەی ئەمەل
تاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی ھیدایەت
نوقتەی دڵەکەم مەبدەئی ھاتۆتە نیھایەت
ڕۆژم وەکوو شەو وایە بەبێ شەمعی جەماڵت
سوبحی ئەمەلم چاوەنواڕە لە عینایەت
نامەی عەمەلم ڕووڕەشە، وەک سەفحەیی قەلبم
غەیری ڕەشی ڕەنگی نییە خۆش حاڵ و حیکایەت
ئاھێکی جگەرسۆز و نیگاھێکی دڵ ئەفروز
با بێ لە تەڕەف تۆوە بە تەئسیر و سیرایەت
بەرقی بەڕقی دوژمنی دین، مونکیری بەدبین
کەی دێتە ئەسەر خەرمەنی ھەستیم بە ڕیعایەت
عیسیان بە ئیزاعەی دڵ و نیسیان بە ئیتاعەت
وەک جووتەبرا سوحبەتییان گەیوەتە غایەت
«سەیید» سەنەدە، شاھیدی «سادیقمە» محەممەد
بێ سەیقەلی تۆ دڵ نییەتی دەرک و دیرایەت
ئەی پادشەھی موڵکی ویلایەت بە عەداڵەت
مەزڵوومی شەڕی نەفسم و ھاتوومە شکایەت
کەوتوومەتە ژێر دەستی شەیاتینی نفووسم
دەستێ بدەرە دەستی شکەستم بە عینایەت
قوربان بە فیدای قاپی سەگی قاپییەکەت بم
وەبزانە سەگم ڕامگرە بۆ حیفز و حیمایەت
وەک تازی لەدووی سەیدەوە من دەبمە توفەیلی
بەو شەرتە کەوا پەس نیگەریت بێ بە عینایەت
حەیفە سەگی قاپیەت لە زییانا بێ زمانی
بێ باکم ئەگەرنا لە ھەزار جورم و جینایەت
بێ تۆشەم و ھاتوومەتە دەرماڵی کەریمان
ھەرجارە بەبێ تۆشە دەچن ئەھلی ویلایەت
بورھان وەکوو کەنعان و شەڕەفکەند کە میسر بوو
کردت بە مەدینەی ئەمەل و کەعبەیی غایەت
ھەم شەمسی بە ئیسنادی و ھەم قوتبی بە ئیرشاد
ئەو خەرقە بەسە بۆ نەزەری ئەھلی کیفایەت
ھەم حازر و ھەم غایب و ھەم جەمع و پەرێشان
ئەم جەمعە نەقیزەینە لە تۆ بوو بە ڕیوایەت
بۆ بەحسی سفاتت چ جەلالی چ جەمالی
ھەر عەقڵێ کە کول بوو ھەموو کول بوو لە بیدایەت
سەد ھەروەکوو مەنسوور و ھەزاری وەکوو شبلی
جاڕووکەشی دەرکن بەھەوای دەرک و دیڕایەت
سەر دانێ لە مەیدانی موریدانی حەریقی
بۆ گۆیی شەقێن چاکە خوەشت کوت بە کینایەت
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ت/تاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی ھیدایەت». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.