شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
باغی خەیاڵ
کە قەتڵی خوێنی من زوڵفی کەچی کرد
نییە داخم ئیتر زولفی کە، چی کرد
خەیاڵم کرد لە باغی خاڵی فەرمووی:
ھەتیو! لاچۆ خەیاڵی خۆت لە چی کرد؟
لە خزمەت ئاسمانی حوسنی ڕووی تۆ
سەما کەوتە سەما گەردنکەچی کرد
بە تیری غەمزە جەرگت پارە کردم
تەماشای تیری موژگانت کە چی کرد
ئەگەر وەسفت بە ما ھذا بشر کەم
پەشیمانم دەڵێم وەسفم بە چی کرد؟
خەیاڵاتی شەو و ڕۆژم لە شام و
نەھار و زوڵف و ڕووی تۆ بوو ھەچی کرد
حەریق سینەی کە پڕ دووخانی خەم بوو
لە داغی ئەحمەدی دووخانەچی کرد
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/د/کە قەتڵی خوێنی من زوڵفی کەچی کرد». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.