شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعلن فعلاتن مفاعلن فعلن 
{literal} {/literal}
ئاگری غەم
تەعاڕوفی بە سیگارە، شیعاری ئەھلی کوبار
سەبیلی عادەتی مەسدوودە بۆ ڕەواجی سیغار
لە قاوی قاوەچی ھەرکەس کە مەشرەبی چا بێ
بە دوودی قەننە قەناعەت دەکا فەقیر و ھەژار
میزاجی ئادەمی خاکی ھەوا بە ئاویادا
عینانی سەبر بەدەس با گەییشتە کوورەی نار
بە موڵکی وەحدەت ئەگەر ئاشنا بێ مونکیری حاڵ
دەزانێ عومری عەبەس بوو لە کەسرەتی ئەغیار
زەڕی نەبێ سەمەرێکی نییە درەختی غەیر
ئەگەر بە بەرد و پلار سەرچڵی بخەیتە خوار
درەختی موڵکی دڵم میوەیێکی کاڵی ھەیە
خودا بکا بە تەحەممول بگا بە سەبر و قەرار
بە داخ و حەسرەت و غەم دەچمە حەڵقەیی ماتەم
سەفایەکی نەبوو سەعییم لە تەرفی کۆیی نیگار
لە وەختی عالەمی ئەڕواحەوە ھەتا ئێستا
سەفەر دەکەم نەگەیشتم بە مەنزڵی دڵدار
فیدای زیندەدڵانی تەریقی خووبانم
ھەمیشە تازەدڵن وەک گوڵی ھەمیشەبەھار
لە چەشمەساری مەعاریف کەسێ نەسیبی نەبێ
ھەمیشە چاوی تەڕە، زاری وشکە، لێوی بەبار
حەریقی ئاگری غەم سیخی عومرمی سوتاند
کەبابی سینە بە ناپوختە ھاتە مەجلیسی یار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ر/تەعاڕوفی بە سیگارە شیعاری ئەھلی کوبار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.