شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن 
{literal} {/literal}
گەنجی فکر
بولبولی دەوری گوڵ و توتیی شەککەرشکەنم
قومری سەروی خەرامان و تەزەڕووی چەمەنم
بێنەوا و ساحەبی ئاوازی حەزینم بە نەوا
شەمعی ھەر جەمعم و پەروانەیی ھەر ئەنجومەنم
سوحبەتی قودسی و سەیری مەلەکووتیم دانا
بە عەلاقەی ئەم و ئەو ھەمدەمی زاغ و زەغەنم
لەززەتی جەننەتی ڕووم داوە بە دانەی خاڵی
ئەمە ئیرسی پدەریمە بە پسەر پێدەکەنم
موڵکی تەجریدی بەجێ ھێشت و بەھەشتی دانا
ئێستە گیرۆدەیی خاروخەس و دارودەوەنم
بەھەوای ئاوی حەیاتی دەھەن و نۆشی لەبی
خدری زیندەیی سەرچاوەیی چاھی زەقەنم
ھاوسەری موشکی سەری زوڵفەقەتاری نەفەسم
مالکی قافڵەیی چینی خەتا و خوتەنم
مەجمەعی سینە و فینجانی مەم و شەربەتی دەم
خەلعەتی پارە کە زانیوتە غەریبی وەتەنم
قەندی لێوی تەڵەبی چاییە، سا، سرکە مەکە
نەک بە تاڵی بدوێ خوسرەوی شیرین سوخەنم
وەجدی مەجنوون لە پیاڵەی غەمی لەیلا دایە
بە خەیاڵی لەبی شیرین، بێستوون ھەڵ دەکەنم
شادی بێگانەیە، خزمم غەمە گەر مردیشم
ئەوە واریس لە حیسابی حەق و گۆڕ و کەفەنم
گەنجی فیکری کە لەنێو کونجی غەما دیوەتەوە
موڵکی شادیم ھەیە تا ساکینی بەیتولحەزەنم
تیرەکەی بەخەتەرە یاری کەمان ئەبرۆ حەریق
گەرچی ئەو ڕۆستەمە ئەلحەق ئەمنیش ڕۆبیتەنم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/م/بولبولی دەوری گوڵ و توتیی شەککەرشکەنم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.