شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
مرواری سرشک
وەکوو کاکۆڵی سەرشانی عەزیزم
پەراکەندە و پەرێشانی عەزیزم
دوو چاوم پڕ لە مرواری سرشکە
لەبۆ لەعلی بەدەخشانی عەزیزم
لە تەندووری دڵم بۆی وەک تەنوورە
جگەسووتاوی ھیجرانی عەزیزم
ھەموو ڕۆژێ لە بۆ تەسلیمی ڕۆحم
وەکوو قوربانی قوربانی عەزیزم
مەڵێن کوشتەی خەدەنگە یا نە خەنجەر
شەھیدی تیری موژگانی عەزیزم
بە دایم مەست و مەخموورە لە بادەی
پیاڵەی چاوی فەتتانی عەزیزم
لە فەننی دڵبەریی و دڵڕوبایی
نییە ئەمساڵ و ئەقڕانی عەزیزم
ھیلالی نەو، نەحیفی گۆشەگیرە
لە حەسرەت ماھی تابانی عەزیزم
وەکوو شاھی جیھانم تا حەریقی
گەدای دەرماڵی دەربانی عەزیزم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/م/وەکوو کاکۆڵی سەرشانی عەزیزم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.