شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
فرمێسکی نەدامەت
کەی دێیەوە سەرڕەحمی دڵی زار و نەزارم؟
کەی دێ قەدەمی خێرت لەسەر خاکی مەزارم
تا کەی لە تەوافی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆت
وەک پەرچەمی پێشانی سەرئەفکەندە و خوارم؟
جارێ نەبوو جاری نەبێ فرمێسکی نەدامەت
بارێ نەبوو بارێ نەیەنێ بۆ دڵی زارم
قوربت سەبەبی بوعدە لە یار و لە دییارم
ڕازیم بە جەفا گەر بە وەفا بێیە دییارم
بۆ لەززەتی عەفوت کە جەریئم لە مەعاسی
مەدڕێنە دەخیل پەردەیی ڕوخسارەیی کارم
چت داوە لە ڕووترشی و سرکەی دەمی ئەغیار
قەندی لەبی شیرین بە دەمی تاڵی خومارم
ئەی عەرعەری بووستانی ھیدایەت وەرە باغان
داغانی قییامەت کە قەدی سەرو و چنارم
گوێ مەگرە لە ئیھرار و لە ئیسراری ڕەقیبان
من سەد غەزەبت بێ لە عەفووت چاوەنواڕم
تا دیومە لەنێو مەسحەفی ڕووت سوڕەیی یۆسف
بۆ ئایەتی حوسنت لە ھەموو ڕەسمێ کەنارم
تاووس کە لەسەر زینەتی باڵی، سەری دانا
ئەمنیش بە پەڕی فکرەوە بێ سەبر و قەرارم
پەروانەیی شەوقت مەخەرە ئاگری میحنەت
شەمعی دڵەکەت ھەڵکە لەبۆ بەزمی نیگارم
مۆرەی دڵی برد زوڵفی لەبۆ تەختەیی سینە
لەم نەردە مەڵێن وا مەیە، دێم فێری قومارم
گەر باڵ و پەڕی بەخت نەسووتایە حەریقی
بۆ سەیدی مەعانی بە مەسەل بازی شکارم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/م/کەی دێیەوە سەرڕەحمی دڵی زار و نەزارم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.