شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلن مفعولُ مفاعیلن 
{literal} {/literal}
عیشقی حەقیقی
عیشقت کە حەقیقی بێ تالیب مەبە ئیللا کوڕ
ھەم حەزرەتی لەولا کوڕ، ھەم یۆسفی والا کوڕ
ئەو نوورە کە مەنشەء بوو، بۆ عاشقی مەبدەء بوو
تێفکرە لە ئەو نوورە مەعلووم و ھووەیدا کوڕ
عیشقێ کە بەقووەت بێ ماییل بە مرووەت بێ
نەمدیوە کە تالیب بێ ئیللا کە تەڵەب کا کوڕ
عیشقێ کە بە غەوغا بوو وەک عیشقی زولەیخا بوو
سەرگەشتە و ڕیسوا بوو بۆ یۆسفی والا کوڕ
شیرین کە شەکەرڕێز بوو، بۆ کێ بوو دڵ ئاوێز بوو
بۆ خوسرەوی پەروێز بوو، فەرھادی ھەواخوا کوڕ
کچ ماییلی واڵایە وەک دامی بەڵا وایە
کوڕ وەک کوڕی شا وایە بێ خەوف و موحابا کوڕ
کچ تەبعی کەچ و ناقیس، کوڕ تەبعی تەڕ و خالیس
ھەم سوحبەت و ھەم جالیس خۆش مەنزەر و سیما کوڕ
کچ زوڵفی پەرێشانە، کوڕ پەرچەمی ئەفشانە
کاکۆڵی بە جەمعییەت ھەم شانی کچە، یا کوڕ
کچ ساحەبی لەرزانە، کوڕ مەردە لە مەیدانە
کوڕ ھەم دەمی ئینسانە، خۆش مەشرەب و گۆیا کوڕ
ھەرکەس بە تەبیعەت بێ، ئەربابی مرووەت بێ
لەم نوقتە تەماشا کە، خانم کچ و ئاغا کوڕ
قامەت کە وەکوو نەی بێ، کێ دیویە لەگەڵ بەی بێ
ئەم نیسبەتی ئەخلاقە دەرحەق بە کچە، یا کوڕ
سەد حەیفێ کە تۆ «ناڵی» بەم پیرییە منداڵی
بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی، زیبا کچ و دیبا کوڕ
موویێ کە لە ڕووی کوڕ بێ، ڕێحانەیی نێو باغە
سەدجەرگی لە بۆ داغە، ساحێب خەت و ئێنشا کوڕ
بۆ خەڵوەتی تەنیایی فیلواقیعە کچ چاکە
ئەمما کە لە عیشق بدوێی، ئەدنا کچ و ئەعلا کوڕ
بۆ خەڵوەتی تەنیا کچ بۆ بەزمی تەماشا کوڕ
بۆ فاسقی ڕیسوا کچ، بۆ ئاشقی سەودا کوڕ
کچ وەختێ شکا سەددی، نامێنێ چ سەرحەددی
نەقسی نییەتی عەددی، مەحفوز و موبەڕڕا کوڕ
لەم تەبعی کەچە لادە، عومرت ھەموو بەربادە
خۆی ساقیی وچاوبادە، مەزبوت و موھەییا کوڕ
ئەم عیشقە مەجازاتە، ئەنجامی موجازاتە
غەوواسی حەقیقەت بە، دوڕدانەیی دەریا کوڕ
ھەر عیشقێ حەقیقی بێ، وەک عیشقی حەریقی بێ
مەیلی بە دەقیقی بێ، بۆ مەعریفەتولڵا،کوڕ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ڕ/عیشقت کە حەقیقی بێ تالیب مەبە ئیللا کوڕ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.