شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن 
{literal} {/literal}
گەوھەری مەعنی
بە خەیاڵی شەوی وەسڵت خەوی ھیجرانم دی
بە شەمیمی نەفەست سروەیی حیرمانم دی
چاوی بیمارت ئیشاراتی شیفا دەنوێنێ
لە خەتی مەسحەفی ڕووت ئایەتی لوقمانم دی
سەیری زوڵفت کە لەسەر ئاگری ڕووت وێستاوە
حەییی بێجانە لەبەر چاو و بە پەیمانم دی
بە ھەوای عەرعەری قەددت لە خەیابانی خەیاڵ
شێعری بەرجەستە وەکوو سەروی خەرامانم دی
ڕوخی نەورۆزی نەبوو، خێزی خەتی ماتەمی گرت
ڕۆژی ئیمساک و شەوی قەدری حەبیبانم دی
گەوھەری مەعنی لە دەریاچەیی دڵ دێنمە دەر
تا لە حوققەی دەھەنت لەعلی بەدەخشانم دی
ھەر بە ئاودا چوو سەفینەی غەزەلی بەحری خەیاڵ
لەجییات سودی مەتاعم زەرەر و زیانم دی
لەگەنی دیدە، فتیلەی موژە و ڕەوغەنی ئاھ
بۆ شەوی وەسڵی لە سەد لاوە چراخانم دی
لە نەوای تەغنیەیی بولبولی دەوری گوڵی ڕووت
لە ھەموو مورغی چەمەن ناڵە و ئەفغانم دی
گەوھەری نەزم و دوڕی مەعنیی لەفزی سەدەفم
بردە بازاڕی نەزەر موشتەری نادانم دی
لە قەباڵەی کەرەمی ئەھلی ھونەر تێفکریم
وەکوو ئەشعاری حەریقی خەتی بوتڵانم دی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ی/بە خەیاڵی شەوی وەسڵت خەوی ھیجرانم دی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٥/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.