شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
پارسەنگی حەیا
خودا تۆبە لەدەس شۆخێ کە وەختێ عیشوە دەنوێنێ
سەری تۆبەی مەلا و زاھید بە نۆبەی جیلوە دەشکێنێ
ستونی قامەتت ڕاگرتووە بۆ خێوەتی دینم
خودا بۆ توولی عومرت ئەو تەناف و دارە نەپسێنێ
لە ڕەمزا حیکمەتولعەینی ئیشارەی چاوی بیمارت
بە قانوونی ئەدەب ئایەی شیفا بۆ ئێمە دەخوێنێ
نەخۆشی دەردی ھیجرانم ویسالی تۆیە دەرمانم
شیفام نایە مەگەر بێنێ نەسیمی پەرچەمت بێنێ
خەیاڵی نەوبەھار و سەیری گوڵزاری عەزیزانم
گەھێ بۆ ڕووی گوڵ و گاھێ لەبۆ سەبزەی خەتم دێنێ
زرێی زولف و موژەی تیر و برۆی شمشێری ڕاکێشا
لە زومرەی ئاشقانی خوێنبەھای ڕوخساری دەستێنێ
لەڕێی بادەی پیاڵەی چاو و شیشەی گەردنی ساقی
کەسێ گەر ئابڕووی بێ ڕەنگە جامی عەیشی بڕژێنێ
دەزانی بۆ تەرازووی زوڵفی سەرناکا لەھیچ لاوە؟
بە پارسەنگی حەیا دەستی لەمیزانا دەبزوێنێ
حەریقی ناری ھیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم
ئەگەر ئەو بێ دەخنکێنێ، ئەگەر ئەم بێ دەسوتێنێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ێ/خودا تۆبە لەدەس شۆخێ کە وەختێ عیشوە دەنوێنێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.