شاعیر: حەریق (١٨٥٦-١٩٠٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
بێ وەفایی گوڵ
عیلاجی دەردی بێ دەرمانی من ھەر لوتفی جانانە
بەڵێ ئەو خۆی حەکیمە لوتفەکەی دەرمانی دەردانە
مەلوول و زار و بیمارم بەسەد عیللەت گرفتارم
خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە کە عەیشم عەینی نوقسانە
عەجاییب مەجمەری سینەم بە سۆز و تابش و تابە
وەکوو قومری دەناڵێنێ دڵەی مەحزوون و دیوانە
لەلای خۆم تەبعی عالیم بوو، لەلای خۆم فکری «نالیم» بوو
ئەمێستا شیعری بێ مەعنان دەڵێی وەک جیسمی بێ جانە
لەلام بێ ساقیی سادە کە پێی بێ ساغەری بادە
کە گۆشەی چاوەکەی بادا دڵم دێنێتە جۆلانە
کوانێ موتریبی خۆشگۆ، کوانێ ساقیی دڵجۆ
بەبێ نەی نەزمەکەم سستە، بەبێ مەی دڵ کە حەیرانە
دەناڵێنم وەکوو بولبول لە داغی بێ وەفایی گوڵ
ڕەوانە نەزمی وەک دوڵدوڵ وەلێ خاترپەرێشانە
بە مەجمووعی وەرە ساقی بنیشین پێکەوە ساتێ
دڵی زارم پەرێشانە وەکوو زوڵفت کە پەخشانە
وەکوو شەعری لەف و نەشرت ھەموو شێعرم موشەووەش بوون
ھەتا بێم و دووسێ شێعرێ بڵێم بۆ ئەم جەنابانە
دڵا تاکەی بە بێھۆشی دەنۆشی مەی بە خامۆشی
لە گۆشەی غەم ھەڵستە وەختی سەیرانی خەیابانە
عەجایب مەدرەسەی ئێمە بە بەزم و ڕەزم و ئاھەنگە
ئیلاھی بەرقەراری کەی تۆ ئەم بەزمی فەقێیانە
جەنابی زاتی مەولانا فەریدی دەھرە ماشەڵڵا
وەحیدی عەسرە لەم عەسرە بعەینە عەینی نوعمانە
لە ھەیئەتدا، لە حیکمەتدا، لە ئادابی تەریقەتدا
لە ئەحکامی شەریعەتدا، لە مەنتیقدا دوڕئەفشانە
جەنابی ئەم زھووری بوو، زەھآوی ناویشی ون بوو
نەزیر و شیبھی مەعدوومە میسالی غەیرە ئیمکانە
زبانی من کلیلە بۆ کلیلی بابی ئەم مەدحە
ئەگەرچی فیلمەسەل فەتتاحی بابی عیلم و عیرفانە
حەریقی شێعرەکانی تۆ ھەموو وەک مورغی بێ باڵن
لە عیشقا باڵییان سووتا بە میسلی باڵی پەروانە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەریق. «دیوانی حەریق/ە/عیلاجی دەردی بێ دەرمانی من ھەر لوتفی جانانە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.