شاعیر: حەمدی (١٨٧٦-١٩٣٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
لە ئەووەڵ دەرسەوە من گوێ لە حەرفی ئەلف و بێ دەگرم
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری مەحوی
لە ئەووەڵ دەرسەوە من گوێ لە حەرفی ئەلف و بێ دەگرم
ئەبم فەرموویە دەستی دڵ بە چاکی بێ وتێ دەگرم
بتی چاکە دەلیلم بێ زەلیلم دەستی پێ دەگرم
«لە شاگردانی کۆڕی عەشقم و جێ ھەر لەوێ دەگرم
کە من مشتێ چڵوچێوم بەچی بم کەڵکی کێ دەگرم»
بە غەیری زەڕڕە گۆشە جیلوەیی داوە بە بەختی کێ
ئەویش سەرگەردی یێکە لەم ھەموو ئەرزەی خودا بێ جێ
غوباری دامەنە دەرمانی سەر یا سەندەڵی بەر پێ
«نەگەییە دامەنی دەستی دوعا جا دەبمە خاکی ڕێی
تەریقەی گۆشەگیری بەردەدەم ئەمجارە ڕێ دەگرم»
نەوەک بولبول لە خەندەی غونچە ھەڵساوم سبەینێ زوو
نەوەک پەروانە ئاگر بەربووە جەرگم لە شەمعی ڕوو
نە ساڕێژی ئەکا ڕێشی دڵم وەک شانە نە تاری موو
«کە دادی یەئسی خۆمم بردە لا ئەم عارفە توند بوو
وتی ئاخر سبەینێ جەژنە خوێنی تۆ لە پێ دەگرم»
کە دەستم کردە مل مینا و نۆشیم خوێنی لێوی جام
لە ئەوجی مەستییا کەوتم ئیتر نەمدیوە سوبح و شام
میسالی شاخی مەرجانی کە بگرێ کارەبای ناکام
«لە ڕووسووری عیبادەت لام و ڕووزەردی خەجاڵەت مام
بە ناوی سێوی ناوم باغەوان و من بەھێ دەگرم»
کە گوڵزاری جیھانی عەشق کرایە ئەم چراخانە
یەکێ ڕێی بولبولی گرت و یەکێ ئایینی پەروانە
ئوسولی کیشوەری عەشقە ئەما شەرتی نەوەستانە
«لەسەرخۆچوونە شەیدابوونە قوڕپێوانە سووتانە
ھەتا مردن مەحەببەت ئیشی زۆرە ڕێزی لێ دەگرم»
بەسەرما پێ دەنێ لەم ئەرزەدا بێ ڕێم دەڵێ یا شێخ
کە دەستی کەوتە کار عادەتیەتی جێ پێم دەڵێ یا شێخ
دەڵێی نوورە لە فانۆسی دڵا بێ جێم دەڵێ یا شێخ
«چ شۆخە ئاگرم تێ بەردەدات و پێم دەڵێ یا شێخ
بە خاشاکی دەوت شوعلە عەسامە دەستی پێ دەگرم»
بەیەک غەمزە دەماری جەرگ و دڵمی ئەنجنی ورد ورد
بەری بەست دیدەکانم جوێباری خوێنی پێدا برد
تەعەججوب مام ڕەقیب لەم حاڵەتە بۆ چی لە داخا مرد
«کە سینەی ڕێشمی بەو تیغی نازەی ئەنجن ئەنجن کرد
وتی پەژموردەیە ئەم لالەزارە ئاوی تێ دەگرم»
تەماشای ڕشتەکە عەقڵت ھەیە مەنواڕە نەرمی شەرم
ھەزار سەر ڕەق ئەسیری پەنجەیێکی تاقە یەک سەر نەرم
نەبوو غەرقی عەرەق دوژمن نیشانم دا کە بەحری شەرم
«لە پاداشی قسەی سەردا ھەمە ئاھ و ھەناسەی گەرم
کەسێ شێتانە بەردم تێ گرێ من بەرقی تێ دەگرم»
یەکێ مەستی مەیی کیبرە یەکێ مەخمووری ئافاتە
یەکێ کەماڵی نوقسانە یەکێ نوقسان کەماڵاتە
لە ھەم بەزمی وەھا حەمدی تەرەب نەوعی مەحالاتە
«شوکر ھوشیارە مەحوی تێ دەگا دنیا خەراباتە
کە بەدمەستیی بکا ئەھلی خراپەی بۆ چی لێ دەگرم»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەمدی. «دیوانی حەمدی/م/لە ئەووەڵ دەرسەوە من گوێ لە حەرفی ئەلف و بێ دەگرم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.