شاعیر: حەمدی (١٨٧٦-١٩٣٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
وەرن یاران ئەجەل ڕەھبەرمە ئەمشەو
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری کوردی
وەرن یاران ئەجەل ڕەھبەرمە ئەمشەو
فیراقە ئەووەڵی ئاخرمە ئەمشەو
خەیاڵی بەزمەکەی قەیسەرمە ئەمشەو
«سەدای سەمتووری کەللەم گەرمە ئەمشەو
چریکە و بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو»
تەبیعەت بەرزە زاھیر گەرچی پەستم
نەوەی ئەو شێرەکەی ڕۆژی ئەلەستم
لە باڵا بۆ بەڵا پشتێن ئەبەستم
«بە نینۆک کاری فەرھاد دێ لە دەستم
وەھا شاھوولە سینەم نەرمە ئەمشەو»
شەوی ھیجرە دڵم زامار و مەحزوون
دەروونم ئاگری بەردایە گەردوون
نەماوە ڕاحەت و عەقڵ و سەبر چوون
«لە تەنیایی بە یادی ڕۆحی مەجنوون
خەیاڵی گەشتی دەشت و دەرمە ئەمشەو»
لەسەر عەقڵ و لە دڵ ڕاحەت کە دەرچن
ئیتر نامینێ فەرقی ژین و مردن
حەقی وایە کە عاشق دەربەدەر بن
«ئەگەرچی یار و یاوەر بوونە دوژمن
غەمی بێ یاری بوو یاوەرمە ئەمشەو»
ڕەقیب و ناحەزت مەسروور خەندان
ڕەفیق و دۆستانت مات و حەیران
منیش سووتاوە جەرگم بۆتە بریان
«لەسەر ڕووم زامی ناخوون نەخشی تۆی بەست
تەمای سنعاتەکەی ئازەرمە ئەمشەو»
بە کوشتن عاشقانت کرد سەرەفراز
منت ھەر ھێشتەوە بۆ عیشوە و ناز
وەکوو کەو خۆی دەکا حەمدی فیدات باز
«سەرم شۆری ویساڵی کەوتە سەر باز
دیسان کوردی کە دەردی سەرمە ئەمشەو»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەمدی. «دیوانی حەمدی/و/وەرن یاران ئەجەل ڕەھبەرمە ئەمشەو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.