شاعیر: حەمدی (١٨٧٦-١٩٣٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ فاعلاتُ مفاعیلُ فاعلن 
{literal} {/literal}
بۆ کەوتە ئەم سەمایە نەڕووخێ خودا فەلەک
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری مەحوی
بۆ کەوتە ئەم سەمایە نەڕووخێ خودا فەلەک
کەوتوونە ئەم خەلایە دەبوورێنەوە مەلەک
ڕەنگە شکابێ پشتی زەمین گەردنی سەمەک
«ئەو سەروی نازە تەوسەنی ھێنایە تاز و تەک
ھەستا قیامەت و فەلەک ئەستوونییە گەرەک»
ڕەببی چ زەمزەمەیی زەنگی بەزمی عیشق
ئارامی ڕۆحە قووەتی دڵ دەنگی بەزمی عیشق
بەم نەوعە ڕێژراوە ئەزەل ڕەنگی بەزمی عیشق
«ئەی دڵ بناڵە سازی بدە چەنگی بەزمی عیشق
مەی خوێنی جەرگە ناڵەیی مەحزوونییە گەرەک»
ئەھلی ھونەر ئەوەندە سەری خستە سەرسەری
دنیا گەڕا لە دەوری سەری مەردی سەرسەری
دوێنێ قەلەندەری ھونەر ئەیکرد سکەندەری
«ئەمڕۆ لە کن زەمانە ھونەر بۆتە قەشمەریی
شێری ژیانی بۆچییە مەیموونییە گەرەک»
تێ دەفکرم دەمێکە لە مەخلووقی کۆن و نوێش
نەک بەر لە دیجلە تاکوو دەگاتە خەتتی سوێش
نەمدی بەدیدە ھەرچی دەکەی گوێ تەقە بە جوێش
«فیترەت بڵند و پایە بڵندم نەدی بە گوێش
گەردوون ئەوەندە دوونە کە ھەر دوونییە گەرەک»
لەم بارەگاھە دەرکە لەسەر ئیشتیاقی بوون
ھەر ھاتووچۆیە ڕەسمی ئەوانەی کە ھاتووچوون
عادەت نییە تەئەننی مەکە عەیبە چەند و چوون
«تینوو بە خوێنی عاشقە ئەی دڵ ببە بە خوێن
ئەو لێوە مژدە بێ دڵی پڕ خوونییە گەرەک»
عەشقە چ دەخلی ئەو بە گەدا و بە شاھەوە
یا بەم جەلالە کەوتە دڵی میھر و ماھەوە
پێویستییە بە گریەی ناگاھ و گاھەوە
«قوم ھەر دەبێ لە خوێنی جگەردا بە ئاھەوە
ئەو مەستی غەفڵەتە لەبی مەیگونییە گەرەک»
زاھید بەخیل و تێ نەگەیشتوو بوو دەست و برد
ھەر بیستی ڕۆحی ڕۆیی لە داخا کە کەوت و مرد
سوودی نەبوو کە حەمدی ئەمەی ئەرزی ئەو ئەکرد
«دلبەر عەجەب نییە دڵی «مەحوی» بە دڵ کە برد
ئەسکەندەری زەمانە فلاتوونییە گەرەک»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
حەمدی. «دیوانی حەمدی/ک/بۆ کەوتە ئەم سەمایە نەڕووخێ خودا فەلەک». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.