شاعیر: دڵدار (١٩١٨-١٩٤٨)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
تەبیب نەیزانی حاڵی من چ جۆرە دەردەدارێکم
تەبیب نەیزانی حاڵی من، چ جۆرە دەردەدارێکم
بە کام عیللەت گرفتار و لەبەر چی شەوبێدارێکم
وتم پێی عاشقی مەئیووس و مات و خاکسارێکم
زەدەی تیری نیگاھی فیتنەپەردازی نیگارێکم
گراوی داوی زوڵفی موشکباری گوڵعوزارێکم
ئەمان! مردم لە داخی دڵ لەبەر گریان و ھاواری
درێغ سووتام لە قرچەی ئاگری ئێشان و ئازاری
تەبیبی چی؟ حەکیمی چی؟ بە من چی عیلم و گوفتاری
ئەوی نەیدیبێ ئێشی دڵ، وەیا ئالامی دڵداری
چوزانێ من لە ئێشان و چ ئازار و فگارێکم
ئەمن تەنھا و بێ پەروا بەڵای دەوران ھەزاران لەک
لە ئەم ئاشووبە داماوم بەبێ ڕێگا و بێ مەسلەک
نەجاتم دەی لە ئەم حاڵە بە لوتفی خۆت خودایی یەک
لە دەشتی نائومێدیدا بەدەم بادی قەدەر ھەر وەک
پەڵاشێ وام کە ھەر ساتەی لە گۆشە یا کەنارێکم
چ سوودێکی ھەیە بۆ حاڵی ئێستاکەم کە وا چۆن بووم
چ دەرمانی دڵی چاکم ئەکا ڕۆژانی ڕابوردووم
ئەزانی چۆنە ئەحواڵم لە دەستی بەختی نەحس و شووم
بە ڕۆژ ترسا و تاساوی زڕەی کاسی شەوی پێشووم
بە شەو سەرخۆش و مەستی جامی قەھری ڕۆزگارێکم
ئەڵێن پێم غونچەیی عومرت بە بێھوودە مەژاکێنە
ئەوی یەزدان بڵێ تەقدیر ئەبێ سەفحەی مەگەچڵێنە
تەحەممول کە، فیغان بەس بێ، بە گریە خۆت مەفەوتێنە
ئەرێ ئەی ناسیحی موشفیق بەبێ سوود دڵ مەڕەنجێنە
سەبر دەرمانی دڵ ناکا کە من پەیوەندی یارێکم
ئەمەندە یارێکی غەددارە و لە تەعزیب دانێ فەننانە
لە بێ باکی و ئەتواری، زوحاک سەرسام و حەیرانە
میسالێکت لەبۆ بێنم، ئەمن ئەی واعیزی دانا؟
سەر و سامانی لاوێتیم لە ڕێگەی ڕازی ئەو دانا
لە دەرگانەی وەفای ھێشتا ھەژار و لێوبەبارێکم
گەلێ جار پێی ئەلێم ئەی چاوخەواڵووی نێرگزی شەھلا
مەیل کە چۆن ئەسووتێ دڵ لە گڵپەی ئاگری مەیلا
ئەڵێ وەختم چییە ئایا؟ مەوێستە سا بڕۆ بەو لا
ئەرێ چۆن پشت بە دڵداریم ببەستم وا من و لەیلا
گەلێ دوورین لە یەکتر ئەو لە بارێ من لە بارێکم
1948
کۆیە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
دڵدار. «دیوانی دڵدار/تەبیب نەیزانی حاڵی من چ جۆرە دەردەدارێکم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.