شاعیر: شاھۆ (١٨٨٢-١٩٧١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
نەیدیوە کەسێ کەسبی معارف بەبێ ئوستاد
نەیدیوە کەسێ کەسبی معارف بەبێ ئوستاد
مومکن نەبووە حەللی مشاکل بەبێ ئیمداد
نەبووە بە شتێ سەربەخۆ ئاسن بەبێ حەدداد
نەیگرتووە کەس بازی مراوی بەبێ سەییاد
گەورە نەبووە بەچکە بەبێ دایەیی خەمخوار
بەس تاڵبی تاڵانی یەک و کوشتنی یەک بن
بەس ساعیی بێ دەستی و دەست بەستنی یەک بن
بەس مایلی فەوتانی یەک و مردنی یەک بن
مەشغووڵی برایی یەک و یەکخستنی یەک بن
تا کۆمەڵ و یەک دەستە و یەک بن وەکوو ئەغیار
ھەر کەس کە بەقەد زەڕڕەیێ عەقڵی لە سەرایە
تەسدیقی ئەکا ھەر چی کە نووسیومە وەھایە
مونکیر بە قسەم داخڵی زومرەی جوھەلایە
شایق بە خوا ھەر چی لە جەمعی عوقەلایە
بۆ نەزمی کەلامت بە دڵ و گیانە خەریدار
نایێتەوە بیرتان کە لە ئەیامی سەفەربەر
حیلمی بەگی ئەرکان و برایم بەگی بێ فەڕ
چەند گەورەیی کوردانی ھونەر پێشەیی سەفدڕ
کردیان بە نیشان و ھەدەفی گوللەیی عەسکەر
ئەو ڕۆژە کە تەشریفی خەبیسیان بووە سالار
دارووی حەسەد و بوغز و جەھالەت ھەموو عیلمە
دەرمانی ھەموو دەردی ڕەزاڵەت ھەموو عیلمە
ئەسبابی نەجات بوون لە زەلالەت ھەموو عیلمە
بۆ «نەیلی عولا» بابی دەخالەت ھەموو عیلمە
ھەر عیلمە کە ساحێبی ئەکاتە شەھ و خونکار
ھەر کەس کە وتی «ئەمتە بە چەند؟» ئەبنە غوڵامی
تەسلیمی ئەکەن ماڵ و سەر و گیانی کیرامی
بۆیشی ئەبنە سەنا خوانان و دوعا گۆیی دەوامی
ئەی میلەتی بێچارە عەجەب جاھیل و خامی
قەومێکی تەواو بێ سەروپێن و نەزانکار
وا چاکە ھەموو موتتەحید و یەک دڵ و چا بین
بۆ یەک نە وەکوو دەستە برا، عەینی برا بین
مەردانە لەبۆ مەقسەدی یەک پشت و پەنا بین
بەو شەرتە ھەموو تابعی ئەحکامی خوا بین
تا جوملە ڕەھا بین لە دەسی دوژمنی خوێن خوار
دوژمن نەبووە قەت بە برا ئێمە خەشیمین
دائیم کە لەگەڵیان شەو و ڕۆژ یار و نەدیمین
ئێستا کە بە ئەنواعی عیلەل ئێمە سەقیمین
موحتاجی دەوای حیکمەتی لوقمانی حەکیمین
بۆ چارە ئەبێ سەعیی بکەین ئێمە بە ناچار
شەھدی ئەم و ئەو پڕیە لە دەرمانی کوشەندە
بەس تەفەرە بخۆن ھەر بە قسەی خۆش و بە خەندە
ئەی بێ خەبەران بەس ببنە چاکیر و بەندە
مەشھوورە کە کەمتر نەبووە شەندە لە مەندە
ڕۆژ ئەبێ بەم شەھدە ببن ئێوە گرفتار
ئێوە بن و خوا وەرنەوە با تف بێ لە شەیتان
دەر کەن لە دڵا جوملە خەیاڵاتی پەرێشان
چەند چشتێ ھەیە واسیتەی نەگبەتی کوردان
وەک کیبر و حەسەد، بوغزی یەک و قیللەتی عیرفان
ئیسڵاحی بکەین بەڵکوو بکۆشین ھەموو یەکجار
ئەم جەھل و نیفاق و سەفەھ و زیللەتە تا کەی؟
ئەم بێ شەرەفی و خۆ خۆریە و غەفڵەتە تا کەی؟
ئەم بوغز و شیقاق و حەسەد و عەزلەتە تا کەی؟
بێ فیکری و سەر خۆشیی ئەم میللەتە تا کەی؟
تا کەی ئەبنە مەسخەرەیی عالەمی ھۆشیار؟
ناگەینە ئەمەل ئێمە کە وا بێ سەر و پا بین
بەد خوڵق و بەد و تارکی ئەحکامی خودا بین
دوژمن بە سەر و ماڵی ھەموو دۆست و برا بین
بێگانە پەرست، خادمی مەخڵۆق وەھا بین
سوودێکی لەبۆ ئێمە نییە خزمەتی ئەغیار!
ھەستن لە خەوێ خزمە دەم و چاوێ بشۆرن
چاوێکی ھەڵئێنن لە چەپ و ڕاسێ بنۆڕن
پرسێکی لە یەک کەن لە چ ئەحواڵ و چ شۆرن
ئەم عالەمە بۆچ عاجز و بێ کەیف و سروورن؟
بۆ چی ئەکەن ئەم قەومە فەقیرە ھەموو ھاوار؟
قاپی ئەمەلی ئێمە کە بەسراوە لە ھەر لا
ناکرێتەوە ئەم قاپیە بۆ ئێمە ئەم ئێستا
بێ یەکیەتی و مەرحەمەتی حەزرەتی مەولا
ھەر یەکیەتییە دەردی ھەموو کوردێ دەوا ئەکا
تا تەفەرەقە بین، زۆر عەبەسە زەحمەت و ئیسرار
عالەم ھەموو مەشغووڵی تەلاش و دەسوبردە
ھەر میللەتە بۆ خۆیە خەرێکی زەد و خوردە
ھەرکەس لەبۆ خۆی حاکمی خۆیە وەکوو مەردە
مەحروومی ھەموو قەومی فرۆمایەیی کوردە
ماتەم زەدە و سووکە پەرێشان و گرفتار
کوردیش ئەبێ ھەر عەبد و غوڵامی ئەم و ئەو بن
ھەر بارەبەر و ماتەم و شان ڕێش و جەدەو بن
چاویان لەم و لەو بێت و نە بە ئەم بن نە بە ئەو بن
- - - - - - - - - - - - - -
بێ عیلم و جگەر، پارە و مەحزوون و خەفەتبار
ئەو میللەت و قەومانە لەوەوپێش کە زەبوون بوون
ئەو تایفە و تاقمە ئەوساکە کە دوون بوون
ئەو خەڵقە لەبەر جەھل و نیفاق غەرقەیی خوون بوون
ھەستان لە خەوی غەفڵەت و دارای فنوون بوون
ئێستاکە ھەموو بە گلگن و شاھ و حوکمدار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شاھۆ. «دیوانی شاھۆ/ر/نەیدیوە کەسێ کەسبی معارف بەبێ ئوستاد». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢١.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.