شاعیر: شاھۆ (١٨٨٢-١٩٧١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
ڕەببی ھەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم
ڕەببی ھەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم
خۆ بە دڵ ئەمڕۆ بە ھیوای بەخشش و غوفرانتم
قامەتم ھەر چەند چەمیوە من لەژێر باری گونام
چاوەڕوانی ڕەحمی عامی واسیعی یەزدانتم
من سکاڵای خۆم لەلای کێ کەم پەنا بۆ کێ بەرم؟
زاتی خۆت موشکل گوشایە، چاوەڕێی ئیحسانتم
ھەر چلۆنێ بم، ئیلاھی! ئافەریدەی زاتی تۆم
باوەڕم پێتە، بەڕاستی تابعی قورئانتم
ژین و ڕزگاری و بوڵندی عیززەت و زیللەت ھەموو
ھەر بەدەستی خۆتە ڕەببی مل کەچی فەرمانتم
تاعەتێکی وام نییە لایق بە زاتت بێ بەڵام
با خراپیش بم بە ھیوای ڕەحمەتی ڕەحمانتم
نەفسی ئەممارەی خەسیسە دوژمنی دەستە و یەخەم
بۆ جیھادی ئەو سەگە موحتاجی یاری دانتم
خۆ بە دەس شەیتانە کوێرە و خێڵی «ئەلخەنناس»ەوە
خۆت خەبەرداری کە چۆن عەبدێکی دەستە و سانتم
ڕوو ڕەشی و موویی سپیم ھێنایە حاجەت بۆ تکا
وام لەژێر سایەی کەرەمتا ڕەحمەتێ! قوربانتم
گەر گرانتر بێ لە شاھۆ بار و سەرباری گونام
خۆ پەناھەندە بە خۆت و سەروەری ئەکوانتم
ڕەببی ھەرچەند نالەبار و ڕوو ڕەشی دیوانتم
ئافەریدەی زاتی پاکی ئەقدەسی سوبحانتم
باوەڕم وایە کە حەققن مورسەلین و ئەنبیات
ئوممەتی فەخری ئەنامم، تابعی قورئانتم
ڕووی ئومێدم کردە قاپی بارەگاھی ئەقدەست
دەستی پێویستم بوڵند کرد، چاوەڕێی ئیحسانتم
بۆ تکا ھێنامە حاجەت مووی سپی، فرمێسکی شۆڕ
وا بە ھیوای عەتف و ڕەحمی حەزرەتی ڕەحمانتم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شاھۆ. «دیوانی شاھۆ/م/ڕەببی ھەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٢/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.