شاعیر: شاھۆ (١٨٨٢-١٩٧١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٠ بڕگەیی
وێرانکەرانی زێدی باو و باپیر
شەرمەزاران
وێرانکەرانی زێدی باو و باپیر
تاڵانکەرانی ھەژار و فەقیر
سوتێنەرانی سەوزی و دەغڵ و دان
ڕەنج بەبا دەری فەلایی کوردان
خەڵەتێنەری کوردانی برسی
بۆ بە کوشت دانیان بۆ پارە و کورسی
بەشەرن ئێوە؟ یا گورگی ھارن؟
یاخۆ گیان کێشی کوردی ھەژارن؟
گەر بەشەر وابێ، تف بێ لە بەشەر
بە گژیانا چێت خوا و پێغەمبەر
بیر ناکەنەوە لەم کردەوانە
بزانن خراپ یاخۆ جوانە!
تا کەی ھەژاران ئەکەن ئاوارە؟
ئەکەونە ناویان وەک گورگە ھارە
ناترسن لەوەی خالقی فەقیر
دەست و پێ و ملتان بخاتە زەنجیر؟!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شاھۆ. «دیوانی شاھۆ/وێرانکەرانی زێدی باو و باپیر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٠/٢١.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.