شاعیر: شاھۆ (١٨٨٢-١٩٧١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی
ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی
لە ڕاوی چاوی جادووبازی شیرینی زەمانم چی
لە ناڵە و ئاھ و مەھجووری، لە گریان و فوغانم چی
کە غەرقی بەحری دووری بم، لە ئوممێدی ژیانم چی
لە فیکر و غایلەی بێ فائیدەی سوود و زیانم چی
لە ساحەی بەزمی عەیشمدا سەدای ناڵین و ھاوارە
لە سەیلی خوێنی دیدەم مەجلیسم ڕەنگینە گوڵزارە
ئەنیسم خەم، موغەننیم ناڵە، ساقیم چاوی بیمارە
سورشکم مەی، نەفەس سەمتوورە، سینەم ساز و دڵ تارە
لە دەنگی چەنگ و خۆش خوان و لە جیلوەی ساقیانم چی؟
سروشکم یەک بە شوێن یەکدا کە دێ وەک تاوە بارانە
ھەموو سوور و سپی تێکەڵ میسالی دوڕ و مەرجانە
بەدوای ھیجرەوە ھۆنراونەوە، سوبحانە چەند جوانە!
لە دانەی ئەشکە من گرتوومەتۆ تەزبیحی سەددانە
لە ئاوی زەمزەم و تەزبیحی باغەی حاجیانم چی!
لە دووری شێوەکەی شیرینەوە ئەمڕۆ کە فەرھادم
لەسایەی عەشقەوە عالەم سەراسیمەن لە فەریادم
ھەمیشە وێڵی کێوانم ئەوەندە خەمبار و ناشادم
لە کێوی پیرەمەگروون و سەگرمەی میحنەت و بادم
لە سەیری نازی شۆخی دیدە بازی بازیانم چی!
نییە مەیلم بە تار و نەی، ھەوای ئاوازی چەنگ ناکەم
وەکوو دەروێشی ئەم دەوریشە خۆم شێت و دەبەنگ ناکەم
وەکوو سۆفیش بە مەکر و حیلە خۆم فێری جەفەنگ ناکەم
مەلام و ئەھلی تەقوام و بە مەی سەججادە ڕەنگ ناکەم
لە بادەی ساقی و قیژەی کچی نەرم و نیانم چی!
کە من بێ یار و بێ خەم خوار و بێ ھەمدەم قەناعەت کەم
کە زامی دڵ بە ناسۆر بێت و بێ مەرھەم قەناعەت کەم
کە من دائیم بە بەرگی شیوەن و ماتەم قەناعەت کەم
لەبۆ باقی حەیاتم تا بە قووتی خەم قەناعەت کەم
لە قاژ و قیژی دەروێش و لە مرقەی سۆفیانم چی؟
کە من کوژراوی تیری نازی چاوی مەستی شەھلا بم
کە من زەنجیر کراوی داوی دوو زوڵفی چەلیپا بم
کە من سەرسامی چاو و پەرچەمی شێواوی لەیلا بم
کە من مەشغووڵی دەرسی خەت و خاڵی تورکی تەرسا بم
لە تەعلیمی مناڵی کوردی بێ نوتق و زوبانم چی!
لەتاو تەئسیری ئێش و نێشی بێ دەرمانی مەھجووری
لە گەرمی گرپە و لرپەی شەرارەی ئاگری دووری
لە زوعفی جەستەیی خەستەم بە دەردی سەختی ڕەنجووری
لەڕوویی ڕوومدا حوکمی نەما قانوونی مەسرووری
لە مەیلی مەکتەبی حوسن و جەماڵی ڕووسیانم چی
خەریک ماوم لەژێر ئەم گومبەدەی گەردوونی بێ باکا
سەراسیمەم لە گێژاو گێژی دەوری چەرخی ئەفلاکا
ھەتا ئەم دەورە وا دوون بێ لە ئەم دونیایی خەمناکا
لیباسم تا پەڵاس و جاوی میحنەت بێ لە ئەم خاکا
لە تاقەی عوشرەت و شیرداخی عەیشی شامیانم چی!
وڵاتێ تاج و تەختی کەوتە دەس ئەوباش و نادانی
لەغاوی حوکمی ئەو قەومە درایە دەستی دوونانی
وڵاتێ بایەقوش تیا بوو بە سەردار و حوکمڕانی
سلێمانی کە خاڵی ما لە دێوانی سولەیمانی
لە عەیش و نۆشی بەزمی بێ نگینی قودسیانم چی!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شاھۆ. «دیوانی شاھۆ/ی/ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٥/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.