شاعیر: شاھۆ (١٨٨٢-١٩٧١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە
سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە
ئاسمان بێ تۆز و گەرد و ساف و جوان و بێ تەمە
سا لە خەو ھەستە دەسا دەی گوڵڕوخی خۆش خەت و خاڵ
بێ تەجەللای ڕوویی میھر ئارات، جیھانێ ماتەمە
سوبحی جەژنی وا موبارەک ڕۆژی عیدی وا سەعید
بادەیی ڕەنگین حەڵاڵە، خۆشە ماچی ئەو دەمە
دەردی عاشق سا دەوا کە! ئەی گوڵی سیمین عوزار!
بۆ شیفای زامانی دڵ، عەننابی لێوت مەرھەمە
شاری دڵ مەخرووب و موڵک و میللەت و مەوتین خراپ
ھەرچی بۆ تەعمیری بکرێ چاوەکەم ھێشتا کەمە
چاوی پڕ خاوت ھەڵێنە! نیم نیگای لوتفێ بکە!
سەیری کوردستانی خۆت کە! چەند پەشێوە، پڕ خەمە
وەختی دەوری ئینتخابی تازەیە دیسان لە نەو
میللەت و مەوتین فرۆش کەوتوونە کار و جومجومە
تا لەدەس نەچووە، عیلاجی عاشقی دڵدارە کەن!
ئینتخابی یاری دڵسۆزێ بکەن تا نەبێتە ھەمھەمە
ھەرچی تەعقیبی سەلاحی حاڵ و ماڵی خۆی نەکات،
ئاخری ئیشی ئەبێتە مەسخەرە و گاڵتە و گەمە
ھەر کەسێ کەس بێ، بەسە ئەم نیکتە بۆ ئەو تا ئەبەد
گەر بەمەش حاڵی نەبێ، بێ سوودە بەستە و زەمزەمە
دەردی دڵ زۆرە بەیان ناکرێ لەبەر تەنگی مەجال
دیزە با دەرخوونە بێ، تا دوورە وا بێ ئەم دەمە
بێ مودارا زەحمەتە بچیە مەقاماتی بوڵند
شاھۆ ئەمڕۆ سەبرە بۆ بابی تەعالی سوللەمە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شاھۆ. «دیوانی شاھۆ/ە/سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٨/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.