شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
داوای تووتنی بۆندار لە حاجی ئەسعەد ئاغا
تۆ کەمنەزەری دەرحەقی من ئێستێکە ئاغا
من ماومە ھەوای سوحبەتی تۆم ھەر لە دەماغا
تا ڕۆژی قیامەت بە خودا زیندووە نامرێ
بابێ کە بمێنێ کوڕی وەک تۆی لە وەجاغا
بۆ تووتنەکەی بیشەمە و شاور و شێتنە
شێت بووم و نەھات، وەختە دڵم دەرچێ لە داغا
جاران چ بە جاغ و چ بە بار بۆت دەھەناردم
نانێری ئەمێستا نە بە بار و نە لە جاغا
ڕێی نەوتەکە باجگیری ئەگەر زۆرە دەفەرمووی
ڕێی خاسە بە شەو خاڵییە با بێ بە بولاغا
نەمزانی فەلەک گۆبەنی ھەر بۆ منە یاخو
سەد دەستی وەکوو دەستی منی کردووە بە زاغا
یا ڕەب گوزەران کا بە سەفا وەختێ عەزیزت
پەیوەستە لە دەوری چەمەن و گەردشی باغا
بۆ چوونە تەوافی حەرەمی شاھیدی مەقسوود
عالەم ھەموو مەئزوونە ڕەزا ھەر لە یەساغا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ا/تۆ کەمنەزەری دەرحەقی من ئێستەکە ئاغا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.