شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
نیمە بۆ تەسویری ئەبرۆت پەیڕەوی مانی دەکا
نیمە بۆ تەسویری ئەبرۆت پەیڕەوی مانی دەکا
شانە بۆ زنجیری زوڵفت عەنبەر ئەفشانی دەکا
قووتی ڕۆحە لێوەکەت یاقووت وەھا ئاودار نییە
مەنعی بازاڕی عەقیق و لەعلی ڕوممانی دەکا
خاڵی سەر لێوت نگین و خاتەمی نادر زھوور
موھری دەستی ئاسەفە حوکمی سولەیمانی دەکا
دڵ لە نەشئەی عەکسی مەستی چاوەکەت لايعقلە
بۆ کەبابی جەرگی من لێوت نمەکدانی دەکا
بەرگی سەرتاپام پەڵاس بێ گەر بە شەرتێ تۆم ببێ
تاری ئەو بەرگە لە لام سەد شاڵی کرمانی دەکا
سەد ھەزار جار دەخیلم حەرفی بەدکار مەشنەوە
ھەرچی دەربارەم بڵێ بێ پیرە شەیتانی دەکا
گەر لە پەردەی نازەوە ئاوازی تۆ بگرێتە گوێ
بولبولی شیرینزوبان مەیلی غەزەلخوانی دەکا
کەس نییە ئەو شۆخە حاڵی کا لە سۆزی ئاتەشم
وا ڕەزا دیسان لە عیشقی ھەر غەزەلخوانی دەکا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ا/نیمە بۆ تەسویری ئەبرۆت پەیڕەوی مانی دەکا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.