شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
ڕۆژێ نەبوو ئەم دڵبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا
ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا
جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من
لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد
سەرما بە ھەتیو با بە دەواری شڕی ناکا
دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی
وەک شاھی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا
تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی ھیجری وەکوو شێت
نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا
لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە
پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا
ڕۆح و دڵ و دین ھەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری
کامی دڵی من، گەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا
سەر دانێ لە ڕێی عەشق، ڕەزا لازمە عاشق
بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ا/ڕۆژێ نەبوو ئەم دڵبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.