شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن 
{literal} {/literal}
لە فیراقی قادری وەستا خدر
بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب
بۆ چی نەڕوا لە تەنم ڕۆحی ڕەوان میسلی شەھاب
بۆ لە سەرچاوەیی چاو ھەڵنەقوڵێ ڕەشحەیی خوێن
بۆچ لە فەووارەیی موژگان نەتکێ قەترەیی ئاب
بۆ لە بەر ناڵەی نەبێ حەڵقەیی حەڵقم بە سروود
بۆچ لە بەر گریە نەبێ چەشمەیی چەشمم بە سەراب
موئنیسی ڕۆژ و شەوم باعیسی ئارامی دڵم
ڕۆیی و من لە غەمی کەوتمە نێو بەحری عەزاب
بە وقووعی سەفەری قادری وەستا خدرم
خانەیی عەیشمی تاڵ کرد فەلەکی خانەخەراب
چەنگ و نەی لێ مەدە موتریب کە لەبەر فیرقەتی ئەو
ڕەنەکی ڕۆحە لە گوێم نەغمەیی ئاوازی ڕەباب
ساغەری مەی مەدە ساقی! کە لە بەر دوورییی ئەو
تاڵە وەک ژەھری ھەلاهیل لە مەزاقم مەیی ناب
کاری کردن نەبوو ئەم کارە کە گەردوونی دەنی
کردی، ڕووی ڕەش بێ وەکو بەختی من و پەڕڕی غوراب
ئەی ڕەزا! ڕەنگە لە بەر فیرقەتی ئەو موئنیسە تۆ
قەت نەبی خاڵی وەکوو کوورە لە سۆزی تەب و تاب
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ب/بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.