شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن 
{literal} {/literal}
دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب
دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب
وەرە سا بەشقی خوا دەس لە یەقەم بەردە تەبیب
وەرە دەستێ بخەمە گەردنی بللوورینت
تا وەکوو سفرە لە داغا بدڕێ ورگی ڕەقیب
تالعم نەحسە دەترسم کە بە ئازاری فیراق
بمرم و ڕۆژێ نەبێ دەوڵەتی وەسڵم بە نەسیب
چاوی فەتتانی تۆ ئەو ساحیرە جادووگەرەیە
کە بە یەک عیشوە ئەدا عابیدی سەد ساڵە فەریب
تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە ئەی ڕاحەتی جان
مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب
بێ فەراز نابێ نەشیب، ئەم قسە تەحقیقە وەلێ
من لە ڕێی عەشقی تۆ نەمدی بە خودا غەیری نەشیب
قەیدی زوڵفە لە سەر و سەفحەیی ڕووت سابیتە، یا
تینەت و تیبە کە مەمزووجە لەگەڵ زینەت و زیب
شێخ دەگۆڕێتەوە گەر چاوی بە زوڵفت بکەوێ
خەرقە و سەبحە بە زوننار و چەلیپا و سەلیب
تاقەتی تاق بووە بێچارە لەژێر باری فیراق
بکە ڕەحمێ بە ڕەزا، چاکە تەڕەححوم بە غەریب
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ب/دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.