شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
خودا وەختێ کە حەز کا بەندەیێکی خۆی بکا خوشنوود
لە باسی باب و باپیری تا دەگاتە خۆی
خودا وەختێ کە حەز کا بەندەیێکی خۆی بکا خوشنوود
لە ڕێگەی دوورەوە بۆی دێ بە پێی خۆی شاھیدی مەقسوود
لە ھیندستانەوە شەش مانگە ڕێ تا خاکی کوردستان
خودا شێخ ئەحمەدی ھیندی ڕەوان کرد بۆ مەلا مەحموود
مەلا مەحموودی زەنگنە یەعنی قوتبی دائیرەی ئیرشاد
لە دەوری مەرقەدی ھەر دەنگی یاھوو دێت و یا مەعبوود
لەپاش ئەو ئەرشەدی ئەولادی شێخ ئەحمەد لە جێی دانیشت
بیعەینە وەک سولەیمان جێنشینی حەزرەتی داوود
بەڵێ بابی وەھا ئەڵبەت دەبێ فەرزەندی وا بێنێ
ئیلاھی سەد ھەزار ڕەحمەت لە قەبری والید و مەولوود
بە ڕەحمەت چوون ئەوان با بێینەوە سەر باسی ئەورەحمان
فیدات بم ئەی نەتیجەی دوودەمانی ئەحمەد و مەحموود
نەتیجەم مەقسەدە تالی موقەددیم شەرتی تەحسیلە
ئەوانەی بۆیە ئیجاد کرد خودا تا ئەم ببێ مەوجوود
ئەمێستاش شێخ عەلی نەجلی کەبیری ساحیب ئیرشادە
ئەمیش وەک باوک و باپیری لە زومرەی ئەولیا مەعدوود
ڕەزاش لەو نەسلەیە بیبەخشە یا ڕەبی کە قەت نابێ
گوڵی بێ خار و بەحری بێ بوخار و ئاگری بێ دوود
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/د/خودا وەختێ کە حەز کا بەندەیێکی خۆی بکا خوشنوود». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.