شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
بارەکەڵڵا ئافەرین ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار
ئازایی عەشرەتی تاڵەبانی
بارەکەڵڵا! ئافەرین! ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار
مەردی مەیدان شێری جەنگاوەر ھوزەبری کارزار
چوار عەشیرەت کاکەیی و وەند و جەباری و داودە
ئیتیفاقیان کرد و ھاتن چوارسەد و پەنجا سوار
ھەر بە ئەووەڵ حەملە چەندتان کوشت و چەندتان سەر بڕی
چەند کەلەشیان لێ بە جێ ما، بوونە توعمەی موور و مار
ئێستەکەش لەو دەشتە شەڕیانە لەسەر لاشەی ڕزیو
کەرگەس و شاھین و گورگ و مامە ڕێوی و کەمتیار
بەینی بەینەڵا عوبەیدی فیلە تەن کارێکی کرد
ھیچ کەسێک نایکا مەگەر حەیدەر بە زەربی زولفەقار
ھەر سوارێ فیرقەیەکی ڕاڕفاند و دایە پێش
کەوتە سەر کوێخا مەخۆل عەبدولوەھابی نامدار
لێی خوڕی وەک شێری غوڕڕان: سا مەڕۆ! ڕاوەستە بۆم!
ئەی تڵیشی دایە ڕێزوارت بە ڕیشی یادگار
چەکمەیێ سووری لە پێدا بوو بە جارێ زەردی کرد
تس لە ملیۆن تێپەڕی کرد، تڕ گەیشتە سەد ھەزار
یەک لە یەک ئازاترن تەعریفی کامێکتان بکەم
دەک فیدای دەست و تفەنگت بم سولالەی شێخ ستار
شاسوارێکی وەکوو تۆمان ھەبێ باکمان چییە
تۆش لە حەققەتدا سوارێکی وەکوو ئەسفەندیار
ئەم قسانە گشتی مەجازن گەر حەقیقەتتان دەوێ
بەزلی نان و ھیممەتی پیرانە بۆتان کەوتە کار
جائیزەم مەتڵوبە ئەم مەدحەم بە خۆڕایی نییە
ھورتمانیش بێ ڕەزام، گەر ھیچ نەنێرن، یا ستار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ر/بارەکەڵڵا ئافەرین ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.