شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق
ستایشی شێخ ستار
سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق
لە پاش تەشریفی تۆ دایانمە بەر شەق
تعالىٰ الله لە جەللادی فیراقت
دەڕێژێ بێ موحابا خوێنی ناحەق
مەپرسە بۆ لە ھیجرانت نەمردم
کە من سەگ مەرگم و گیان سەخت و دڵ ڕەق
کە زینیان خستە سەر پەشت ماینە ڕەش کوێت
گەڕا چاوم لە تاوان زەرد و ئەبڵەق
لە شەوقی تۆ وەکوو مەنسووری حەللاج
خرووسی تەبعی من ئەیگوت: أنا الحق
لە بەزمی خەسرەواندا یەک زەمانێ
مورەخخەس بووم وەکوو دەستووری موتڵەق
ئەمێستاش تاقەتم تاقە و پەرێشان
خرووسم ئەخرەسە و حاڵم موفەششەق
لە بەر ھەیوانی مزگەوت ئێستە بێ تۆ
وەھا دێم و دەچم وەک حاجی لەقلەق
ئیلاھی عومر و جاھت بەرقەرار بێ
عەدووت سەرنگوون بێ و خۆت مووەففەق
سمێڵی شێخ ستار حَبلُ المَتينە
کەلامی شێخ ڕەزا وەحیی موسەددەق
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/غ/سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.