شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
سولەیمانی کە دارولملکی بابان بوو
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
کە مەیدانی جریدبازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو
بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی ھەڵدا
سولەیمانی زەمان، ڕاستت دەوێ، باوکی سولەیمان بوو
عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما
سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
عوموومی شەھریاران و سەلاتینی فەرەنگستان
لە ڕوعبی سەتوەتی ئەو شێرەدا گشتی ھەراسان بوو
قوبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک ھەوری نیسان بوو
کە عەبدوڵڵاھ پاشا لەشکری والیی سنەی شڕ کرد
ڕەزا ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/و/لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.