شاعیر: شێخ ڕەزای تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک
بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک
مەعلوومە بە مەردی نەروواوە لە سەرم تووک
بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساخ کە لەگەڵ من
ئەھلی ھەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک
پێم خۆشە لە بەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام
سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک
ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت دەگەڕێ چەرخ
ئەم میچە قەراری نییە، گاھێ جکە گەھ بووک
شاھی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بۆ ئەھلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک
شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من
مەغدوورم و مەزڵووم و جەفا دیدە و مەھتووک
تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکو فەغفوور
کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی
بێ کولفەتم و ڕەندم و سەییاحم و سالووک
من خواجەیی ئەحرارم و ئامێزشی دنیا،
ھێشتاکە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک
وەک لامعی شاعیر نییە ئێستێ لە جیھاندا
شیرین سوخەن و قابیل و خۆش تەبع و ڕەزا سووک
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێخ ڕەزای تاڵەبانی. «دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/ک/بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/٢٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.