شاعیر: مەلا حوسێن فانی (١٨٨٣-١٩٨٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
تەخمیسی فانی لەسەر ھەڵبەستی نووری
غەریب و شەرمەزار و بێ نەواما يا رسول اللە
زەبوونی کاری نافەرمای خوداما يا رسول اللە
ئەگەر چی موو سپیمە ڕوو سیاما يا رسول اللە
دوچاری حیرسی دونیا و ڕیاما يا رسول اللە
ئەسیری پەنجەیی نەفس و ھەواما يا رسول اللە
بە مەستی موسکیری دونیا لە ئەوقاتی ئیزاعەتدا
لەداوی دێوی بەدفەرما لەژێر ئەمر و ئیشارەتدا
بە مەشغووڵ بوونی غەیری حەق حەیاتی خۆم بە غارەت دا
لە دەستی نەفسی ئەممارە لە زنجیری ئەسارەتدا
سەراپا غەرقی عسیان و خەتاما يا رسول اللە
لە بەدکاری بە بێھۆشی لە دونیا بێ خەوم قوربان
بە بێعەقڵی دایم بۆ شەت و پەت پەیڕەوم قوربان
عەمەل ناخۆشم و بۆ قەولی خۆشیش خۆشدەوم قوربان
خەجاڵەتبار و شەرمەندە و حەقیر و کەوتووم وا من
لە دەرگەت بەندە ناچیز و گەداما يا رسول اللە
لە گۆشەی ناتەواوی و ناقسیی خۆم زۆر ڕیاکارم
بە بێعاری بە باری کاری بێمەعنا گرانبارم
فەقیری دەرگەیی تۆم و سیەھ ڕۆژ و تەباکارم
شەفاعەت کە دەخیلت بم گەلێ عاسی گوناھکارم
کە وا زۆر ڕوو ڕەشی ڕۆژی دەواما يا رسول اللە
دەوایی دەردمەندان تووی و ویردی سەر زوبانیش تووی
ڕەوانی قابی مەوجوود و ھۆشی نێو سەرانیش تووی
حەبیبم تووی تەبیبم تووی سەفا و سەیری دڵانیش تووی
عیلاجی دەردی عسیانان تەبیبی میھرەبانیش تووی
نەخۆشم بەندە موحتاجی دەواما يا رسول اللە
فیدای خاکی بەر پێی تۆ جانی من قوربان
تەماشایی بکە فرمێسکی چاوی ئاڵی من قوربان
ئەگەر لوتفت ھەبی پەیرووزە بەخت و فاڵی من قوربان
بە چاوی مەرحەمەت جارێ بنۆڕە حاڵی من قوربان
لە گۆشەی دەرگەیی لوطفت خزاما يا رسول اللە
نییە بۆ فانی بێ کەس، بەبێ خاکی دەرت مەئوا
قبووڵم گەر بکەی یاخۆ نەکەی وا من سەرم ناوا
لە مەقدەمگاھی شاھانت ھەتا ڕووحم لە تەن ماوە
لە دوو عالەم ئومێدی نووری بێ کەس بێ تەوانا
بەمە ئاسوودەیی ڕۆژی جەزاما يا رسول اللە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەلا حوسێن فانی. «دیوانی فانی/ا/غەریب و شەرمەزار و بێ نەوا ما یا رسول الله». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.