شاعیر: موفتی پێنجوێنی (١٨٨١-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا
ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا
ناحەز و دوژمن وەکوو خەرمانی کا بەربا ئەکا
کۆمەڵی خوێش و برا، یەکسەر لە یەک تانا ئەکا
وا ئەزانم دین لە یەزدانیش مەردانە سەودا ئەکا
حوکم و فەرمانیش بەسەر ئەم خەڵکەدا وەک شا ئەکا
ھەر کەسێ پارەی ببێ ماقووڵ و خاوەن حورمەتە
ناوەجاخیش بووبێ ئێستە ڕەددی ئەمری زەحمەتە
ڕوو لە ھەر شوێنێ بکا وێری بە چایی و شەربەتە
چش لەوەی خواردەستیەتی بۆ نانێ جەرگی لەتلەتە
پارە ھێزێکە کە سەد گەلحۆی تەمەڵ وریا ئەکا
پارە سڕپۆش و عەیبداپۆش و لێفە و کورسییە
پارە حەڵقەی گەردنی لات و ھەژار و برسییە
باخەڵت پڕ بێ سیلاحی چابووکی و بێ ترسییە
گەر بەتەنیا ڕوو لە ماڵێک کا لەجێی بیست و سییە
بۆ کەوش ھەڵگرتنی سەد کەس بەجارێ ڕائەکا
ھەر کەسێ پارەی نەبێ سەد عیلمی بێ دەرناکەوێ
ھەر کەسێ پارەی نەبێ کار و قسەی سەر ناکەوێ
بۆ شکاتیش گەر بچێ بێ پارە جێی بەر ناکەوێ
پارەداریش ھەر لەناوا ئیش ئەکا دەر ناکەوێ
پارە پیاوی ترسنۆکیش بێ درۆ و وریا ئەکا
بۆ سوپاسی پارە سەد دەفتەر بنووسم ھەر کەمە
پارە ئەسبابی کەشیدە و حەجج و ئاوی زەمزەمە
پارە ئەسبابی نەمانی فیتنە و بەزم و خەمە
پارە بۆ دەردی دڵ و ئازاری دنیا مەرھەمە
پارە قەڵغانێکە ڕێبەستی ھەرا و ھوریا ئەکا
پارە تاریکی شەوی ھەور و ھەڵا ڕووناک ئەکا
پارە پیاوی ترسنۆک و بێ ورە بێباک ئەکا
پارە پیری کەوتە و خوێن تیانەماو چالاک ئەکا
پارە پیاوی ھەرزە گۆ و نالەباریش چاک ئەکا
فەیلەسووفێک بێتە مەیدانی لە دەستی ڕائەکا
موفتی گەر ھۆشت ببێ دەرمانی دەردت پارەیە
شێر بە گوێ بگرێ کەسێ بێ پارە بێ، پەتیارەیە
پیاوی بێ پارە ھەمیشە سەرکز و بێچارەیە
ھەرچی داماویی نەدیبێ غافڵی ئەم کارەیە
پارە ھەرچەند شا نییە زۆر کردەوەی وەک شا ئەکا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
موفتی پێنجوێنی. «دیوانی موفتی پێنجوێنی/ا/ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.