شاعیر: موفتی پێنجوێنی (١٨٨١-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە
خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە
بەرگە خۆراکە وەیا دار و درەخت و سەوزییە
سێوە ھەنجیرە وەیا دارێکە ڕەنگی وەک بییە
شێرە یا گورگە وەیا بازە یاخوود تووتییە
من ئەبێ لێی بێ خەبەر بم یا لە ئەسڵا ھەر نییە
وەک عەدالەت باسی ویژدانیش ئەکەن مەئموورەکان
خۆ لەوەش حاڵی نەبووم قەستەم بە زاتی لامەکان
ھەر وەکوو عەنقایە ھەردوو ئیسمی بێ جسم و نیشان
ڕەنگە یا جن بێ وەیا دێو و پەری بن بێ گومان
عەدلی چی و ویژدانی چی چاوبەستی لات و برسییە
خۆشی خۆشی بۆ فەقیر و بێنەوا ئیش دانرا
ڕزقی میللەت کەوتە تەموین و ڕەزالەت لابرا
مەخزەنی مستەورەدە ئەمباری گەورە پڕ کرا
پاکی بەش کەین بێ ئەوەی فەرقی ببێ ھەروەک برا
ئاخری بۆ حاجی و ئەربابی مێز و کورسییە
بێینە سەیری بایع و بەش کردنی کووتاڵ و چا
نومرە ئەوەڵ بۆ ئەفەندی باقیاتی ھەرچی ما
چاکەکەی بۆ دەوڵەمەند و چی تری ما بۆ گەدا
کامە ویژدان و عەدالەت پێم بڵێن ئێوە و خوا
گەر درۆی تێکەڵ نەبێ ئەمڕۆژە نەفسی نەفسییە
چی ئەزانم شەرتە بیڵێم کاکە گەر بیشمکوژی
چون شەھیدە بیکوژن ھەرکەس لە ڕێگەی ناوبژی
بۆچی من نەمدی فەقیرێ بێتە بایع پێی بژی
دەوڵەمەند تا کەی ئەبێ تۆ خوێنی خەڵکی ھەڵمژی
خواردنی ئەم خوێنە لای تۆ کاڵەکە یا شووتییە
ڕەنگە تێک چووبێ بە جارێ ڕەحم و ئینسافی بەشەر
یا فیراری کردبێ لای ئێمە دەرچووبێتە دەر
یا خەرافاتێکە بۆ قەومی نەزانی قوڕبەسەر
بۆ ئەوانەی ھیچنەزان و ھیچنەفام و بێ خەبەر
یا ئەگەر بووبێ و نەمابێ بەختی چەوتی موفتییە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
موفتی پێنجوێنی. «دیوانی موفتی پێنجوێنی/ە/خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.