شاعیر: موفتی پێنجوێنی (١٨٨١-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
دڵم ئەمڕۆکە پڕ زەوق و زمانم خەنجەری تێژە
دڵم ئەمڕۆکە پڕ زەوق و زمانم خەنجەری تێژە
لەبەر چاوم پڵنگی شێرکوژی چابوک ئەڵێی گێژە
سەر و ماڵم فیدای مەردێک کە وا بێ ترس و ھەقبێژە
لە شەوقی نیشتمان و شوعلە ئەستێرەی گەلاوێژە
برین و زامی جەرگی پڕ لە سۆم و پاکی ساڕێژە
لەبەر چاوم خەریکی خەندەیە خاکی وەتەن ڕەنگی
لەناویا لائەچێ کەمکەم شەڕ و شۆر و ھەرا و جەنگی
بە زێڕی عالەمی نادەم سەراسەر کۆمەڵی سەنگی
ئەگەر باوەڕ ئەکەن تەپڵی بەشارەت دای لە گوێم دەنگی
مەڵێن ئەم شاعیرە دێوانەیە یان شێتە یان گێژە
زەمانێکە بینای فکرم بەجارێ پەرت و ڕووخاوە
نەما خزمەت لەبۆ ھۆزم بڕا ئەو شیعرە لێشاوە
ئەوا ئەمڕۆ سەبا موژدەی لەبۆ دڵ تازە ھێناوە
ئەڵێن ئەو کاروانەی کۆمەڵی کوردە بەجێ ماوە
کەمی ماوە نەجاتی بێ لە ئەم ھەوراز و ئەم لێژە
تەماشا ژینی خەڵکی کە ئەگەر نێرینە و پیاوی
چ ژینێکە ئەوی عەبدە لەناو خەڵکا نەبێ ناوی
ھەتا کەی مەست و بێھۆشی ھەتا کەی کوێری بێ چاوی
برا گەردنکەچی و مەحکوومی خۆراکێکە ژەھراوی
دەخیلت بم نەچی بیخۆی بڕۆ تێی ھەڵدە بیڕێژە
لەبۆ نانی منەتباری نەکەی حوڕڕی لە دەست بەردەی
ڕەفیقی تۆ ھەموو بەیداخە تۆ دایم لەبن پەردەی
ئەگەر جارێک بە سەربەستی بژی سەد جار ئەڵێی ئۆخەی
لە میوەی باخی ئازادی کەسێ بیخوا ئەڵێ ھەی ھەی
کە میوەی جەننەتە ھاتۆتە دنیا ھەستە بیچێژە
لە سەربەستی و لە ئازادی کەسێ بێزارە نامەردە
لە وەختێکا کە بێ دەنگە بڵێ یا دارە یا بەردە
لە وەختێکا کە دەنگی دێ بڵێ وەحشی کەژ و ھەردە
دەسا بۆچیمە با بمرێ سەراپای ھەر خەم و دەردە
ئەگەر چی زیندووە ھەر مردووە .... بینێژە
وەھا چاکە لەمەو لا ڕوو لە زانست کەی لە زۆر و کەم
بەسەرچوو خزمەتی تەپڵ و دەف و شانە و قژ و پەرچەم
ئەبێ یەک ڕێگە بۆ بەرزی وەتەن بگرن بە دەستی چەم
لەسەرتان بەشکە زوو لاچێ تەمی جەھل و مەراق و خەم
لەکوێ سەرکەوتنی غەربی بە دۆعا و کردنی نوێژە
ئەوی ئیشی کەوشدانانە بۆ بێگانە ھەر کەر بوو
بە ھیچی دانەنێی چاکە ئەبێ ناوی بنێی مردوو
وە یا دارێکی وشکی گەندەڵی پەڕپووت و بابردوو
کەسێ لاری لە سەربەستی ئەکا موفتی تەمەننا زوو
کەڕ و لاڵ بێ لەپاش کوێری بە ئاوڵە و دەردی سوورێژە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
موفتی پێنجوێنی. «دیوانی موفتی پێنجوێنی/ە/دڵم ئەمڕۆکە پڕ زەوق و زمانم خەنجەری تێژە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.