شاعیر: موفتی پێنجوێنی (١٨٨١-١٩٥٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
ھەتا کەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە
پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعرێکی ئەحمەد موختار جاف
ھەتاکەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە
ئەگەر وا بێ خەبەر بن باعیسی ژینی خەتەرتانە
ھەموو دنیا ئەزانێ ئێوە ھەر شێرێ نەفەرتانە
لە خەو ھەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
ھەموو تەئریخی عالەم شاھیدی فەزڵ و ھونەرتانە
نەما ئەمڕۆ لەسەر ئەڕزا بە وێنەی ئێوە بێ مەحکووم
زەلیلی جەبری ئێران و گرفتارن بە دەستی ڕووم
لە گەنج و جەوھەری خاکا بەجارێ بێ بەش و مەحرووم
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیب و بێ کەس و مەزڵووم
بە گورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورەی وا لەبەرتانە
گەلێ چاتر لە ژینە ئافەت و تاعوون و مردنتان
ھەتا وا ناحەزی یەک بن لەبۆ یەک ڕێگە گرتنتان
بە ھیچ نابن ھەتا وا بن لە یەک تاڵان و کوشتنتان
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
ھەموو عان و سەعاتێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
وەکوو کەوسەر سەراسەر چەشمەکانی شیر و ھەنگوینە
ھەتا دڵ حەز ئەکا شاخ و کەنار و دەشتی ڕەنگینە
درەخت و دارەکانی سونبوڵ و ڕەیحان و نەسرینە
بە خۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە شیرینە
کە تۆزی وەک جەواھیرسوورمە و نووری بەسەرتانە
لەلای من لایەقن یەکسەر حوڕ و سەربەست و ئازا بن
ھونەر ناکەن ئەگەر ھەریەک ئەمیر و میر و ئاغا بن
ئەسەف بۆ ئێوە لەم خاکە ئەگەر مەھتووک و ڕیسوا بن
بەسەر ئەرزا ئەگەر نازیش بکەن ھەقتانە ھەر وا بن
تەماشای سێبەری ئەم شاخ و کێوانەی لەسەرتانە
ئەگەر غەربی بزانێ قیمەتی سەنگینی ئەم ئەرزە
لە دنیادا وڵاتی ئێوە ناوی تا فەلەک بەرزە
ھەموو مسقاڵە خاکێکی دەوای سەد عیللەت و لەرزە
بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی فەرزە
گوڵاڵە سوورەی ئەم کێوانە خوێناوی جگەرتانە
بەبێ عیلمی ژیاون داخم ئێوە ئەووەڵی وەھلە
نەزانی و ژێردەسەی خەڵکی ئەزانم سووچی نائەھلە
ئەگەر ھیممەت ببێ ئەمجا خەیاڵ و ئارەزوو سەھلە
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەھلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
خەیاڵی موددەعیتان دێتە سەر گەر تاق و تەنیا بن
لە ھەر لا جێی ئومێدن دەس لەناو دەس کەن موھەییا بن
سەری موفتی بڵند و بەرزە بەو شەرتەی کە ئازا بن
زبانی حاڵی ئەحمەد ھەر ئەڵێ قەومینە وریا بن
بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گەوھەرتانە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
موفتی پێنجوێنی. «دیوانی موفتی پێنجوێنی/ە/ھەتا کەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.