شاعیر: مینە جاف (١٩١١-١٩٦٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئەی دڵ وا دیارە باوت نەماوە
ئەی دڵ وا دیارە باوت نەماوە
کەیفەکەت ڕیشەی لە بێخ کێشاوە
بە یەکجار سووریت لە ڕوو بڕاوە
دەڵێی کۆترێکیت باڵت شکاوە
تو خوا پێم بڵێ چیت لێقەوماوە
ئەی دڵ دەبدەبە و دەزگاکەی جاران
پۆلی یەکگرتووی بێ خەمی یاران
بەزم و دیوانی میر و سەرداران
تەرفەنەی کام لان وان لە کام شاران
چییان بە سەرھات دەنگیان نەماوە
ئەی دڵ کۆمەڵی یارانی ناودار
سام و شەوکەت و زەمزەمە و ویقار
نەوەی سەرداران وە ناز و نازار
ڕاستم پێ بڵێ کەوتنە کام دیار
بۆ لە گشت لایێ شوێنیان بڕاوە
دەنگی ھات ھاتی قوشچی ڕاوەباز
شریقەی بڕنەو شوێن گەلی بەراز
کۆڕەی کە حێلەی ناو سوپا و ڕێواز
ھاڕەی شام ڕەخت و درنگەی تەپڵی باز
ڕۆیین بە بێ شوێن سەریان نەداوە
ئەی دڵ حەلقەی بەزم قەومان و خوێشان
تیپ و سوپا و سان لەشکر ڕاکێشان
دەستەی تورمە پۆش دایم لە دیوان
شۆڕە سوارانی شێری ڕووی مەیدان
گوم بوون و چوون و باویان گۆڕاوە
ئەی دڵ کۆمەڵی یارانی سەربەرز
کۆنگرەی شادی و خۆشی لە سەد تەرز
دیوانی شەوان بێ ترس و بێ لەرز
دەنگی گیرودار سەردارانی مەرز
بۆیە گشت ڕەنگی ناویان کوژیاوە
ئەی دڵ ئەو دەورە دەورانی تۆ بوو
دەوری دڵخۆشی و سەیرانی تۆ بوو
ڕۆژم زەمزەمەی خوێشانی تۆ بوو
ھەر ئەو سەردەمە مەیدانی تۆ بوو
بە خوا ڕویشتوو نایەتە دواوە
ئەی دڵ ئەو شادی و سەفا ئە کوێ چوو
ئەو خۆشی و سەیر و ڕەفا ئە کوێ چوو
ئەو شەرت و قەولە و وەفا ئە کوێ چوو
ئەو دەورەی دوور لە جەفا ئە کوێ چوو
لە لای ئێمە ڕۆی کەوتە کام لاوە
ئەی دڵ ئێستە کە ڕوو لە خودا کە
ڕوو لە بارەگای لای بێ ھەمتا کە
بە ناڵەی دڵەی شەفەق داوا کە
گرد بوونەوەی گەل تۆ تەمەننا کە
بڵێ گشت شاد بن لە جێگا و ماوە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مینە جاف. «دیوانی مینە جاف/ئەی دڵ وا دیارە باوت نەماوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.