شاعیر: مینە جاف (١٩١١-١٩٦٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
مەدحی ئەگریجەی پەشێو و چاوی مەست و پڕ خومار
دوای حوکمی زاتی کردن
مەدحی ئەگریجەی پەشێو و چاوی مەست و پڕ خومار
کوڵمی سوور و خاڵی شین و لەعلی لێوی ئاودار
وەسفی باڵای دڵ پەسەند و گەردنی بێ گەردی یار
پێم بڵێن ئێوە و خوا ئەی قەومی کوردی شووم چار
بۆچ دەوامی کرد لە ناو ئێمەدا وەک باسی مار
بۆچ لە ناومانا نەبوو خاوەن عولووم و حیکمەتێ
ھەڵ نەکەوت کوردێ بکات ئەو کەسبی فەنن و سەنعەتێ
کۆمەڵێکتان ڕێک نەخست بۆ یەکێتی و میللەیەتێ
دائێما جاسووسی ئەم بیرەن لە کوێ بێ عوشرەتێ
گشت خەریکی سینەما و تیاتر و سارا لە شار
کوردەکان ئێوە بەڕاستی گوێ لە من کەن دەفعەیێ
ئەم قسانە من ئەکەم تو خوا مەڵێن مەجبوورییە
بەزلی پارە و ماڵ و سەروەت گەر بزانن زیادەیە
ئەم ھەموو ئاڵتوون و پارە با بخەینە جێگەیە
مەعمەلێکی پێ بسێنین بۆ تورەققی و ئیفتخار
وا سیتەی سەرکەوتن و پێشکەوتن قەوم و وەتەن
تا بڵێم پێتان ئەگەر ئەبیسنو و نامکەن بە پەن
ئەووەلا دەفعی نیزاع و خائینی لێل یەک مەکەن
دووھەمینیش مەکتەب و تەحسیلی کەسبی عیلم و فەن
سێ ھەمینیش ئیتتفاق و یەکیەتی و قەول و قەرار
با بلێم پێتان بە ڕاسی ئەی گوروھی قەومی کورد
سەد کەڕەت بێژن ئەمە شێتە و جنۆکە دەخڵی کرد
یا نەمێنێتو لە شار بیدەنە بەر دار و بەرد
پیاوەتی و ھیممەت لە پاش بابان لە ناوی ئێمە مرد
بۆیە ئەمڕۆ بەرشەقین و بێ دەس و بێ ئیعتبار
ھەر دەبێ کورد بێ لە عالەم دا بە کورتی ناو برێ
تاکو دونیا ئاخری تێ ڕۆژ بە ڕۆژ تێی ھەڵدرێ
گەورەو و ئەدنای بە یەک چاو و نەزەر سەیری کرێ
ھەر کەسێ بێ حاکمی بێ تا وەکوو ڕیشەی دەرێ
کەی بێ خوێنتان بێتە جۆش و غیرەتیشتان بێتەکار
گەر بە شوێنی موستەقبەل و حوڕییەتدا ناگەڕێین
چەند ئەدیب و چەن شەریفێ بۆ خوا سا ڕاپەڕێن
ھەر وەکوو مینە بە شوێن ئەم غایە و بیرا گەڕێین
حەققی خۆتانە، مەترسن، حەققە خۆ سەر نابڕێین
ئیستیقلالێکی زاتی وەرگرین گشت کورد دیار
1935
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مینە جاف. «دیوانی مینە جاف/مەدحی ئەگریجەی پەشێو و چاوی مەست و پڕ خومار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.