شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: مفعولُ فاعلاتُ مفاعیلُ فاعلن 
{literal} {/literal}
ستایشی خودا
سوبحان ئەو خودایە کە ئەقڵی پەیەمبەران
دەرکی نیانە غەیری بە بەردەرکیا گەڕان
سوبحان ئەو خودایە کە داناتری زەمان
دێوانەیە و لە مەعریفەتی کونھیا نەزان
سوبحان ئەو خودایە کە کەڕڕووبییانی عەرش
وەک ناسی قوڕ بەسەر بە نەناسینی موبتەلان
زەڕڕێکی چون ئیحاتە چییە نیسبەتی لەگەڵ
ڕۆژێکی بێ نیھایەت و بێچوون و بێ چونان
تا بۆ قسێکی دەرخۆری تەنزیھی دەم دەبەم
ھەر بەو دەم ئەو دەمە دەبمە لێوی خۆ گەزان
زاتم نییە توخن بە سیفاتی کەوم بە عەقڵ
ڕۆحم چووە تەسەویری زات ئەر بکەم بە جان
دڵ بوو بە دوودی مەحز و جگەر بوو بە عەینی ئاو
ئاھم نییە دەوانە، سروشکم نییە ڕەوان
تا ھەبووە، تا دەبێ موتەنەففیس لە سینەیەک
بێ ئیزنی ئەو نەسیمی نەفەس کەی دەبێ وەزان
مسقاڵە زەڕڕە چۆنە لە بەر دەستی قودرەتی
ھەر وا بزانە وایە کورەی موڵکی کُن فکان
عیلمی بە حەببەیێ کە بە سەد قەڕنی کە دەبێ
وەک عیلمییە بە قوببەیی ئەمسی زیافشان
ئەو زەڕڕەیە کە ئەووەڵی زەڕاتی عالەمە
بۆ عیلمی چۆنە، زەڕەیی ئاخریەتی چونان
ھەرچی ببینرێت و بڵێن و ببیسترێ
ما هو خودا، خودا بە خودا برتر است از آن
تەقریری چی بدەم کە زوبانن بە کول زەبوون!
تەحریری چی بکەم، خەت و مەت یەک قەڵەم خەتان
شەممێکی بادی سوبحدەمی لوتفییە بەھار
زەڕڕێکی گەرد و بادی شەوی قەھرییە خەزان
دووری لەو، ئاگرێکە بە جەننەت دەکا جەحیم
ڕەوحێ لە قوربیایە بە دۆزەخ دەکا جینان
دووری ئەگەر بەڵایە، نزیکیشە ئیبتیلا
دوورن لە حەسرەتان و نزیکن لە حیرەتان
ھەر کەس بە بارەگاھی جەلال ئاشناترە
زیاتر قسەی لە وەحشەت و دەھشەت دەدا نیشان
گوێ کەڕ دەبێ لە غولغولی سبحان ما عرفـ
ـناكەی عەنادیلی چەمەنستانی ئاسمان
ئەحمەد کە ئەکمەلی بەشەرە لەم مەقامەدا
ڕوتبەی کەمالی عیجزی لە لا اُحصيیە عەیان
پەس من کە کەمترینی دوا ئوممەتی ئەوم،
چیم و چ قوڕ بکەم بە سەرا، چی بکەم بەیان
مەحوی! ئەدەب خەمۆشی و مەحوییەتە لەگەڵ
نەسرەوتنێکی، یەعنی بە دەم دەردەوە گلان
گریەی بە کوڵ، بە دڵ لە خەرافاتی خۆ خەجڵ
ناڵەی دڵی شەوان و ھەناسەی سەحەرگەھان
ھەر ئەو ھەناسەیە کە بدا فێنکی بە دڵ
بەو تاقە ناڵەیە کە بگا گەرمیێ بە گیان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/ئایینی/ستایشی خودا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.